رێكەوتنی 50 ساڵی هەڵدەوەشێتەوە و توركیا سازش بۆ عێراق دەكات

05:24 - 14/07/2023

24870جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لەبەرامبەر راگرتنی سكاڵایەكی دیكەی عێراق كە لەساڵی 2018 بۆ دادگای ناوبژیوانی فڕەنسا لەلایەن عێراقەوە دژ بە توركیا بەرزكراوەتەوەتەوە و داوای قەرەبوی دو ملیار دۆلار دەكات، ئەنقەرە ناچار بەسازش دەكات بۆئەوەی ئەو سكاڵایە بكشێندرێتەوە، بەوتەی سەرچاوەیەكیش، توركیا بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی پاریس كە لەمانگی (ئادار/3) دەریكرد رازی بوە، بەڵام داوا لە بەغدا دەكات، ئەو قەرەبوەی بەقیستی درێژخایەن لێوەربگرێت.

د. سەباح سوبحی پەرلەمانتاری پارتی لە لیژنەی نەوت و وزەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، توركیا لەئێستادا داوایكردوە، ئەو قەرەبوەی بەهۆی بڕیارەكەی مانگی (ئادار/3) لەئەنجامی بردنەوەی عێراق لەدادگای ناوبژیوانی پاریس كەوتوەتەسەری بكرێت بەقیستی درێژخایەن بەجۆرێك كاریگەری لەسەر ئابوری وڵاتەكەی دروست نەكات.

توركیا لەئێستادا ترسێكی دیكەی لێنیشتوە ئەوش لەئەنجامی ئەو سكاڵایەی عێراق كە لە ساڵی 2018 بەرزیكردۆتەوە

وتیشی، "توركیا لەئێستادا ترسێكی دیكەی لێنیشتوە ئەوش لەئەنجامی ئەو سكاڵایەی عێراق كە لە ساڵی 2018 بەرزیكردۆتەوە و 400 لاپەڕە لەخۆدەگرێت و داوای قەرەبوی دو ملیار دۆلار دەكات، بێگومان ئەگەر عێراقیش بیباتەوە دو ملیار دۆلار پێبژاردن دەكەوێتە ئەستۆی توركیا و هەرچەند بڕیارەكە قەتعیە و عێراق دەیباتەوە، بۆیە توركیا پێی ناخۆشە كە ئەو قەرەبوە زۆرە بدات و كاریگەری لەسەر ئابوری وڵاتەكەی دەكات".

ئێستا هەولێر و بەغدا گرێبەستێكی نوێیان كردوە

سەبارەت بەڕێكەوتنی 50 ساڵە و پشكی توركیا، د. سەباح سوبحی ئاشكرایكرد، "بابەتی بۆری نەوت ئەو گرێبەستە كراوە لەگەڵ هەرێمی كوردستان كراوە و بە گرێبەستی 50 ساڵی ناودەبرێت، ئامانجەكەی هەناردەی نەوتی هەرێم بو، بەڵام ئێستا هەولێر و بەغدا گرێبەستێكی نوێیان كردوە، توركیاش بەوە ناسراوە بەدوای بەرژەوەندی خۆی دەگەڕێت، دەیەوێت لەو رێكەوتنەی نێوان هەولێر و بەغدا قازانجێك وەربگرێت، لەگەڵ رێكەوتنێكی دیكەش لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە، رێكەوتنە 50 ساڵیەكە هەڵدەوەشێتەوە". 

عێراق و توركیا هەنگاوی باشیان ناوە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندیەكانیان و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم

لەلایەكی دیكەشەوە، سەرچاوەیەكی تایبەت بە خەندان-ی راگەیاند، "عێراق و توركیا هەنگاوی باشیان ناوە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندیەكانیان و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، لەئێستادا گفتوگۆ لەسەر سزای دادگای ناوبژیوانی فڕەنسا لەسەر كەمكردنەوەی بڕەكەیە و كردنیەتی بەقیستی درێژخایەن".

 قازانجەكە 30 دۆلار بۆ بەرمیلێك نەوت بەنسبەت عێراقەوە قورسە و ناچێتە ژێرباری

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، توركیا دەیەوێت لەنەوتی كوردستان بەگوێرەی ریكەوتنی 50 ساڵەی لەگەڵ هەرێم، رێژەی قازانجەكانی زۆر دانەبەزێت، عێراقیش دەیەوێت رێكەوتنێكی نوێ لەنێوان هەردو وڵات بكرێت، چونكە قازانجەكە 30 دۆلار بۆ بەرمیلێك نەوت بەنسبەت عێراقەوە قورسە و ناچێتە ژێرباری، بۆیە عێراق پێشنیازی كردوە بۆ هەر بەرمیلێك دۆلارێك بۆ سێ دۆلارێك قازانجی توركیا بێت بەپێی نرخی نەوت، توركیاش داوای حەوت بۆ هەشت دۆلار لەنرخی هەر بەرمیلێك نەوت دەكات".

محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەندیەكی تەلەفۆنی لە رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیاوە پێگەیشت

محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەندیەكی تەلەفۆنی لە رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیاوە پێگەیشت و لەو پەیوەندیەدا نیازی وڵاتەكەی بۆ فراوانكردنی هاوكارییەكانی لەگەڵ عێراق دەربڕی.

سەردانەکەی سودانی پەیوەندی بەدۆسیەی نەوت و دۆزینەوەی رێگەچارەسەرێكەوە هەبو بەمەبەستی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم

ئەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەش دوای سەردانە پێشتر رانەگەیەندراوەكەی سودانی بۆ هەولێر دێت، كە بەگوێرەی سەرچاوەیەكی تایبەتی خەندان، "ئەگەرچی راگەیەندرا کە سەردانەكەی لەچوارچێوەی گەشتێكدایە، بەڵام پەیوەندی بەدۆسیەی نەوت و دۆزینەوەی رێگەچارەسەرێكەوە هەبو بەمەبەستی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئەو سەردانەش رێگەخۆشكردن بوە بۆئەو پەیوەندیەی تەلەفۆنیەی ئەمڕۆی نێوان سودانی و ئەردۆگان.

شاندێكی تەكنیكی توركیا جارێكی دیكە سەردانی عێراق دەكات

ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشیكرد، "ئەگەر ئەو پەیوەندیە تەلەفۆنیە ئەنجامی هەبوبێت، شاندێكی تەكنیكی توركیا جارێكی دیكە سەردانی عێراق دەكات بەمەبەستی رێگەخۆشكردن بۆ سەردانیكردنی ئەردۆگان بۆ عێراق".

شاندێكی توركیا بەنیازە سەردانی عێراق بكات بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی نەوتی هەرێمی كوردستان

پێشتریش كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، شاندێكی توركیا بەنیازە سەردانی عێراق بكات بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ بڕینی هەنگاوێكی گەورە لە چارەسەری قەیرانی نەوتی هەرێم.

وتیشی، "ئامادەكارییەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان تەواو بون، ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆ، پرسی دەستپێكردنەوەی نەوتی هەرێم پەیوەندی بە توركیاوە هەیە و چاوەڕێی چارەسەری هەنگاوی توركیاین لەو بارەوە".

دوای ئەوەی ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس لە دۆسیەیەكی ناوبژیوانیدا بڕیاری خۆی لە بەرژەوەندی بەغدا دەركرد، توركیا لە 25ی (ئازار/3)ی 2023دا هەناردەكردنی 450 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا لە هەرێمی كوردستانەوە لە ڕێگەی بۆری عێراق-توركیا ڕاگرتوە.