تۆمەتبارێکی مەترسیدار لە گەرمیان دەستگیرکرا

11:42 - 09/07/2023

4722جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند، تۆمەتبارێک بەتۆمەتی بازرگانیکردن و ئالودەبون بەماددەی هۆشبەر دەستگیرکراوە و لەکاتی لێکۆڵینەوەشدا دەرکەوتوە، پێشینەی تاوانی هەیە و پێشتر لەسەر دزیکردن فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوە.

عەقیدی مافپەروەر عەلی جەمال قدوری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد لەسەر تۆمەتبارێک کە ئالودەی مادەی هۆشبەرە و بازرگانی بەمادەی هۆشبەرەوە دەکات دوای ئەوەی لەلایەن بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیانەوە ڕەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی کەلار وەرگیرا و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچو".

لەلایەن تیمێکی هاوبەش لەپۆلیسی گەرمیان و بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیانەوە تۆمەتبار دەستگیرکرا
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەلایەن تیمێکی هاوبەش لەپۆلیسی گەرمیان و بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیانەوە تۆمەتبار دەستگیرکرا، لەکاتی دەستگیرکردنیشیدا دەست بەسەر بڕێکی زۆر لەمادەی هۆشبەردا کە بڕی 251 گرام ماددەی هۆشبەر و کریستاڵ و حەپی قەدەغەکرا و کەرەستەی بەکارهێنانی مادەهۆشبەرەکان و چەندین مادەی تر گیرا.
تۆمەتبار دانی بەتاوانەکەیدا ناوە کە ئەم مادە هۆشبەرانە لەلایەن هاوڵاتیەکی ئێرانیەوە بۆی دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان

ئەوەشیخستۆتەڕو، "دوای لێکۆڵینەوە تۆمەتبار دانی بەتاوانەکەیدا ناوە کە ئەم مادە هۆشبەرانە لەلایەن هاوڵاتیەکی ئێرانیەوە بۆی دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان، لەئێستادا تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی (30) لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە".

وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاشکراشیکردوە، "تۆمەتبار پێشتر پێشینەی هەیە و لەسەر دزیکردن لەلایەن دادوەرەوە داواکاراوە دانی بەو دۆسیەشدا ناوە کە دزیکردوە لەسەر ئەو دۆسیەش بەپێی مادەی (443) ی یاسای سزادانی عێراقی بەندکراوە،  لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر دۆسیەکە ڕەوانەی ئاسایشی گەرمیان کراوە".

نیشانەکردن

گەرمیان