خەندان-
سوپای ئیسرائیل بە هێزێكی زۆرەوە هێرشیكردە سەر شاری نابلوس و پێكدادانی چەكداری رویدا و بەوهۆیەوە دو هاوڵاتی فەڵەستینی گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی ئاژانسی سكای نیوز، شەڕ و پێكدادانی توندوتیژی لە نابلوس ڕویدا و بۆمب فڕێدرایە سەر رێگەی هێزەكانی ئیسرائیل لەناو گەڕەكی حەبلە، هێزێكی تایبەتیش لە شاری كۆنی نابلوس گەمارۆی ماڵێكیاندا.
تەرمی دو گەنج لە ناوەندی شاری نابلوس دۆزراونەتەوە
ئاماژەی بەوەشكردوە، تەرمی دو گەنج لە ناوەندی شاری نابلوس دۆزراونەتەوە كە لە كاتی پێكدادان لەگەڵ سوپای ئیسرائیلدا كوژراون، لەكاتێكدا سوپای ئیسرائیل هێرشیكردوەتە سەر شارۆچكە كۆنەكەی شارەكە.
سەرچاوە ئیسرائیلییەكان وردەكاریی ئەو هێرشەیان ئاشكرا كرد كە لە نزیك یەكێك لە شارۆچكەكانی كەرتی ڕۆژئاوا ڕویدا
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، سەرچاوە ئیسرائیلییەكان وردەكاریی ئەو هێرشەیان ئاشكرا كرد كە لە نزیك یەكێك لە شارۆچكەكانی كەرتی ڕۆژئاوا ڕویدا، كە تێیدا سەربازێك كوژرا، لە كاتێكدا جارێكی دیكە دەنگەكان لەناو ئیسرائیلدا بەرزبونەوە بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بەرفراوان هاوشێوەی هێرشەكەی جنین.
سەرچاوە ئەمنییەكانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، ئەنجامدەری هێرشەكە بە دەمانچەیەك تەقەی لە سەربازێكی ئیسرائیلی و پاسەوانێكی ئەمنی كردوە، لە كاتی پشكنینی ئۆتۆمبێلەكەی لە نزیك شوێنی نیشتەجێبونی كەدومیم لە باكوری كەناری ڕۆژئاوا.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتوەكان دوپاتیكردەوە، پەرەسەندنی ئەو وڵاتە وەڵامێك نییە بۆ "نیگەرانییە ڕەواكانی ئیسرائیل سەبارەت بە ئاسایشی وڵاتەكەی"، سەركۆنەی زیادەڕۆیی بەكارهێنانی هێزەكەی لە میانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەدا كرد كە لەم هەفتەیەدا لە كەرتی ڕۆژئاوا ئەنجامیدا.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لە میانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی، "من لە نیگەرانییە ڕەواكانی ئیسرائیل سەبارەت بە ئاسایشی وڵاتەكەی تێدەگەم، بەڵام پەرەسەندن چارەسەر نییە، تەنها توندڕەوی بەرەوپێش دەبات و سوڕی توندوتیژی و خوێنڕشتن قوڵتر دەكاتەوە".