خەندان زانیاری نوێ لەبارەی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما بڵاودەكاتەوە

12:59 - 05/07/2023

19894جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوبەری کەشناسی بومەلەرزەزانی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، "لەئەمڕۆوە پلەکانی گەرما لە ناوچەكانی هەرێمی کورستان ڕو لە بەرزبونەوە دەكەن و ئەو شەپۆلی گەرمایەش تاوەكو سەرەتای هەفتەی داهاتو بەردەوام دەبێت.

ئاسۆ کەمال بەڕێوبەری کەشناسی بومەلەرزەزانی سلێمانی لە لێدوانێكدا بە خەندان-ی راگەیاند، ساڵانە پلەکانی گەرما ڕو لە بەرزبونەوە دەكەن لە ئەنجامی کاریگەرییەکانی وەرزی هاوین کە تیشکی خۆر لەم کاتانەدا ستونە لەسەر ناوچەکان و بڕێکی زۆر وزە و تیشکی خۆریش دەگاتە ناوچەکان.

کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی وەرزی گەرمی ساڵانە هۆکارە بۆ بەرزبونەی پلەکانی گەرما
وتیشی، "کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی وەرزی گەرمی ساڵانە و جێگیربونی بەرزە پەستانی خولگەی هۆکارن بۆ بەرزبونەی پلەکانی گەرما".

باسی لەوەشكرد، لە دوێنێ سێشەممەوە لە زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستان پلەکانی گەرما بەرزبونەوەیان بەخۆیەوە بینیوە کە لە خانەقین و کەلار پلەکانی گەرما گەیشتنە 46 پلەی سیلیزی.
بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ پێنجشەممە کاریگەری ئەم شەپۆلە تا ڕادەیەک بەردەوام دەبێت
باسی لەوەشكرد، بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ پێنجشەممە کاریگەری ئەم شەپۆلە تا ڕادەیەک بەردەوام دەبێت و ڕۆژی هەینیش زیاتر بەرزبونەوە بەخۆوە دەبینێت، هۆشیاریشیدا لە کاتژمێر 11:00 بۆ 4:00ی پاشنیوڕۆ بەهۆی کاریگەری زیاتری پلەی گەرمی تیشکی سەرو وەنەوشەی، پێویستە هاوڵاتیان کەمتر هاتوچۆ بکەن بۆ رەچاوكردنی سەلامەتی گیانی خۆیان.

سەبارەت بەخێرای با، ئاسۆ کەمال ڕایگەیاند، لە ئێستادا ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیان لەسەرە، بۆیە خێرای با لەم ناوچانەدا ڕوی لە زیادبون کردوە ناوبەناو بەردەوامی دەبێت تا سبەینێ و ڕۆژانی دواتریش.

نیشانەکردن

کەشناسی