هەسەدە: هێرشەکانی تورکیا بێوەڵام نابن

06:10 - 16/06/2023

2210جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، درێژەدان بەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا و تاوانەکانی بێوەڵام نامێنێتەوە و هێزەکانیان لە هەموکات زیاتر پابەندی پاراستنی هەرێم و پێکهاتەکانی و مسۆگەرکردنی داهاتوییەکی پاڕێزراو دەبن.

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدد) سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکییا بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، رایگەیاند، "دەوڵەتی تورکییا لەم هەفتەیەدا هێرشە دڕندانەکانی لە دژی دانیشتوانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەتایبەت لە دژی هەرێمەکانی شەهبا (کە کۆچبەرانی عەفرینی تێدایە) و منبج عەین عیسا و هەرێمەکانی جزیرە زیاد کردوە، لە ئەنجامی کردنەئامانجی راستەوخۆی دانیشتوان، ژنان و منداڵاندا سێ هاوڵاتیان ژیانیان لەدەستداوە و چوار کەسیش برینداربون کە دوانیان منداڵن".

 ئەو هێرشە ماوەیەکی زۆرە پلانی بۆ دانراوە و چاوەڕێی کاتی گونجاو بون
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هێرشە ماوەیەکی زۆرە پلانی بۆ دانراوە و چاوەڕێی کاتی گونجاو بون، بە تایبەتی پشتگوێخستنی تاوانە بە بەڵگەکراوەکانی دژی خاکی سوریا بە دیاریکراوی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە لایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەییەکانەوە، هەروەها بێدەنگی ئەوان بەرامبەر پشتیوانی لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکان بونە هۆکار و پاڵنەر بۆ دەستپێکردنی ئەو هێرشانە.
 دەیەوێت سەرجەم رێککەوتنەکانی ئێستا و داهاتو لەگەڵ هێزە نێونەتەوەییەکان لەپێناو مانەوەی هێز و چەتەکانی لە سوریا بەکاربهێنێت
فەرماندەیی گشتیی دەڵێت، "ناتوانین ئەو هێرشانە و هەوڵی داگیرکەری لەیەکتر جیابکەینەوە کە دەیەوێت سەرنجەکان لەسەر پرۆژە کۆلۆنیالیستیەکانی خۆی لە سوریا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئایندەی یەکپارچەیی سوریا لاببات، دەیەوێت سەرجەم رێککەوتنەکانی ئێستا و داهاتو لەگەڵ هێزە نێونەتەوەییەکان لەپێناو مانەوەی هێز و چەتەکانی لە سوریا بەکاربهێنێت، ئەمە ئامانجی چەپەڵی ئەو هێرشانەیە".
ئەو پڕوپاگەندەیەی تورکیا دەیکات، هەوڵێکە بۆ لاوازکردنی هێزە نیشتمانیەکان
ئەوەشی خستوەتەڕو، "ئەو پڕوپاگەندەیەی دەوڵەتی تورکیا لەبارەی هێرشەکان لە دژی هێزەکانمان دەیکات، هەوڵێکە بۆ لاوازکردنی هێزە نیشتمانیەکان کە لە دژی پلانەکانە داگیرکەرییەکانن، بەڵام دەبێت سەرجەم لایەنەکانی سوریا وشیاربن کە هەوڵەکانی لاوازکردنی هێزەکانمان تەنیا بۆ داگیرکردنی ناوچەکانی دیکە سوریا و کاریگەری دانانە لە سەر سەروەری ئێستا و داهاتودا".
دەوڵەتی تورکیا باش دەزانێت کە نەک هەر بە تەنیا ئێمە بەڵکو گەلەکەمان بەرامبەر هێرشەکانی دەوەستێتەوە
لە راگەیەندراوەکەی فەرماندەیی هەسەدەدا هاتوە، "دەوڵەتی تورکیا باش دەزانێت کە نەک هەر بە تەنیا ئێمە بەڵکو گەلەکەمان بە ئیرادەی خۆیەوە لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوەستێتەوە، سڵاو لەو وشیارییە نیشتیمانییەی گەلەکەمان دەکەین، لەبەر ئەوەی بە باشی درکی بە گرنگی بەرخودان لە بەرامبەر هێرشە داگیرکەرییەکان کردوە، سڵاو لە شەڕڤانان لە بەرەکانی شەڕ و گیانبازی ئەوان و شەهیدان دەکەین".

هەسەدە هۆشداریش دەدات لەوەی کە "درێژەدان بەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا و تاوانەکانی بێوەڵام نامێنێتەوە و هێزەکانمان لە هەموکات زیاتر پابەندی پاراستنی هەرێم و پێکهاتەکانی و مسۆگەرکردنی داهاتووییەکی پاڕێزراو دەبن".

نیشانەکردن

رۆژئاڤای کوردستان