بلینکن: پەیوەندیمان لەگەڵ سعودیە ستراتیژییە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێناهێڵین

08:54 - 10/06/2023

2981جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لە هاوبەشی لەگەڵ شانشینی سعودیە کردەوە و پەیوەندییەکانی بە "ستراتیژی" ناوبرد، دةڵێت، "واشنتن رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێناهێڵێت"، وتی، رێککەوتنی سعودیە و ئێران کە لەلایەن چینەوە پشتیوانی دەکرێت، "شتێکی باشە" ئەگەر ببێتە هۆی کەمبونەوەی گرژییەکان.

ئەو وتانەی ئەنتۆنی بلینکن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلشەرق هات، لە پەراوێزی سەردانەکەی بۆ سعودیە، ئەو پێیوایە کە "بناغەیەکی تۆکمە بۆ پەیوەندییەکان" لە نێوان ئەمریکا و سعودیە هەیە، هەردو لایەن پێکەوە کاردەکەن "بۆ پشتگیریکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردو گەلەکەیان و لەم لە ڕوانگەیەوە پەیوەندی لەگەڵ سعودیە پەیوەندییەکی ستراتیژییە".

دەرفەتی راستەقینە هەیە کە ئێمە کاریان لەسەر دەکەین بۆ هاوکاری نێوان هەردو وڵاتەکەمان
وتیشی، "دەرفەتی راستەقینە هەیە کە ئێمە کاریان لەسەر دەکەین بۆ هاوکاری نێوان هەردو وڵاتەکەمان بۆ روبەڕوبونەوەی کۆمەڵێک تەحەددا کە نەک تەنها گەلەکانمان، بەڵکو پەیوەندییان بە خەڵکی سەرتاسەری جیهانەوە هەیە، لە ئاسایشی تەندروستییەوە بۆ ئاسایشی کەشوهەوا، ئاسایشی وزە و ئاسایشی خۆراک، هەروەها گواستنەوە بۆ وزەی پاک، ئێمە پێکەوە کار لەسەر تەکنەلۆژیا سەرهەڵداوەکان دەکەین".
سعودیە رۆڵێکی ئەرێنی و رۆڵی گرنگ و لە کۆتاییدا ئەو هاوبەشییەی کە ئێمە ئەنجامی دەدەین
ئەنتۆنی بلینکن ئاماژەی بە هاوکاریی نێوان واشنتن و ڕیاز کرد لە چەند پرسێکدا، لەوانە ململانێی یەمەن، وتی، "ئەگەر سەیری ئەو کارانە بکەین کە پێکەوە کردومانە، وەک کۆتاییهێنان بە ململانێی یەمەن، کە تێیدا سعودیە رۆڵێکی ئەرێنی و رۆڵی گرنگ و لە کۆتاییدا ئەو هاوبەشییەی کە ئێمە ئەنجامی دەدەین بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژییەکان لە سودان، دەبینین کە پەیوەندییەکە لەسەر رێگایەکی ئەرێنی دەڕوات لەسەر بنەمای ئەو بەرژەوەندییانەی کە هاوبەشن".
بلینکن پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان ڕیاز و تاران کرد کە پەکین سپۆنسەری کرد 
بلینکن پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان ڕیاز و تاران کرد کە پەکین سپۆنسەری کرد و وتی، "دەستخۆشی لە هەر هەوڵێک دەکەین کە بتوانێت گرژی کەم بکاتەوە و لانیکەم کێشەیەک لە بەرنامەی کاردا لاببات و لەم حاڵەتەشدا بەشداریکردن لە پشتیوانیکردن لە ئاشتی لە یەمەن، پێمانوایە هەر وایە شتێکی باش".

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا رونیکردەوە، "ئەگەر وڵاتان، هەرکەسێک بن، ڕۆڵێک بگێڕن کە بتوانن کاریگەریی ئەرێنی لە پاڵپشتیکردنی ئامانجەکانی کەمکردنەوەی پەرەسەندندا هەبێت، ئەوا ئێمە پێمان وایە کە ئەمە کارێکی باشە و بێگومان سعودی و ئێرانییەکانیش قسەیان لەگەڵدا کردوە یەکتر بۆ ماوەی لانیکەم دو ساڵ پێش ئەوەی بگەنە ئەم خاڵە؛ بۆیە دەبینین ئێستا چی رودەدات".
ئەوەی لە ناوچەکەدا بینیمان یەکگرتنی گەورەترە، ئەوەش بەشێکی لە پرۆسەی ئاساییبونەوە لە نێوان ئیسرائیل و دراوسێکانیدا
ئەنتۆنی بلینکن ئەوەشی وت، "ئەوەی لە ناوچەکەدا بینیمان یەکگرتنی گەورەترە، ئەوەش بەشێکی لە پرۆسەی ئاساییبونەوە لە نێوان ئیسرائیل و دراوسێکانیدا، لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئەو وڵاتانەی کە زۆرینەی موسڵمانن لە دەرەوەی ناوچەکە، ئەوەش شتێکی ئەرێنییە، شتێکە کە ئێمە بڕیارمان دابو یارمەتی بدەین لە ئەنجامدانی و قوڵکردنەوەی هەندێک ڕێککەوتن".
 ئێمە نەمانتوانی زیاتر بکەین بۆ راگرتنی کوشتن و ڕاگرتنی سەربڕینی گەلی سوریا 
سەبارەت بە سیاسەتی واشنتن لە سوریا، بلینکن ئاماژەی بەوەدا کە ئەوەی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا کردویەتی و ئەوەی بەسەر وڵاتەکەی و گەلەکەیدا سەپاندوە، "کارەساتە"، دەڵێت، "بەداخەوەم؛ چونکە ئێمە نەمانتوانی زیاتر بکەین بۆ راگرتنی کوشتنەکە، بۆ ڕاگرتنی سەربڕینی گەلی سوریا و ئەو پێشێلکاریانەی کە ئاڕاستەیان دەکرێت؛ کەواتە ئەمە شتێکە کە هەستێکی بەهێزم هەیە بۆی".
 دەمانەوێت دەستگەیشتن بە زیندانەکان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن ئاسان بێت
دوپاتیشی کردەوە، "سیاسەتەکەمان هێشتا ئەوەیە کە دەمانەوێت بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش (2024)ی پەیوەست بە سوریا جێبەجێ بکەین، بۆ ئەوەی گواستنەوەیەکی سیاسی راستەقینە روبدات کە رەنگدانەوەی ماف و خواستەکانی گەلی سوریا بێت، دەمانەوێت دەستگەیشتن بە زیندانەکان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن ئاسان بێت، ئێمە دەمانەوێت لێپرسینەوە لەوە بکرێت کە بەسەر دەیان و سەدان هەزار کەسدا هاتوە، بێگومان دەمانەوێت ببینین سوریا هەنگاوی بەرپرسیارانە بنێت بۆ کۆتاییهێنان بە بازرگانی (کاپتاگۆن)".

شەڕی ناوخۆیی سوریا کە ماوەی زیاتر لە دەیەیەکە بەردەوامە و وڵاتەکەی بەرەو قەیرانێکی قوڵ بردوە و بەسەر چەندین بەرەدا دابەشی کردوە، بەڵام شتێک هەیە کە بەبێ جیاوازی بە هەموو سەنگەرەکانیدا رەتدەبێت، ئەویش ماددەیەکی هۆشبەرە کە پێی دەگوترێت "کاپتاگۆن".
پێموایە بونی من لێرە لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردودا ئەوە نیشان دەدات کە بێگومان ئێمە ناڕۆین
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئەمریکا بەنیازی کشانەوەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "پێموایە بونی من لێرە لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردودا ئەوە نیشان دەدات کە بێگومان ئێمە ناڕۆین، ئێمە لێرەین بۆ مانەوە، سەرۆک بایدن لێرە بو (لە مانگی تەمموزدا سەردانی سعودیەی کرد) ساڵی ڕابردو لەگەڵ ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو و وڵاتانی دیکە کۆبوەوە، ئێمە بە بەردەوامی لەگەڵ هاوبەشەکانی ناوچەکە کاردەکەین، ئەوەی لە نزیکەی دەیبیستم ئەوەیە کە ئەمریکا وەک هاوبەشی ژمارە یەک دەمێنێتەوە کە پەسەندکراوە".

نیشانەکردن

ئەمریکا سوریا