هەواڵی ئەمڕۆ

لیژنەی دارایی دەنگ لەسەر گۆڕانكاریەكان دەدات

06:20 - 08/06/2023

13403جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بڕیارە كاتژمێر 8:00ی ئەمشەو پێنجشەممە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بەو گۆڕانكاریانەی لەناو پرۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 ئەنجامدراون كۆببێتەوە و دوا سیغەی پرۆژەیاساكە پەسەند بكات.

د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، كاتژمێر 8:00ی ئەمشەو لیژنەی دارایی بۆ پەسەندكردنی دوا سیغەی پرۆژەیاسای بودجە كۆدەبێتەوە، لەو كۆبونەوەیەشدا بڕیارە گۆڕانكاریەكان پەسەند بكرێن.

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاربو کاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆ پەسەندكردنی بودجە كۆببێتەوە
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاربو کاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆ پەسەندكردنی بودجە كۆببێتەوە، بەڵام كۆبونەوەكەی بۆ کاتژمێر 8:00ی ئەمشەو دواخست، بەڵام بەهۆی لیژنەی داراییەوە جارێكی دیكە كۆبونەوەكە دوادەخرێت.
گۆڕانكاری لە ژمارەیەك بڕگەی ماددەكانی 13 و 14ی پرۆژەیاسای بودجە تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستان كراوە
پێشتر سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغدا بە خەندان-ی رایگەیاند، لەئەنجامی گفتوگۆی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنە كوردیەكان گۆڕانكاری لە ژمارەیەك بڕگەی ماددەكانی 13 و 14ی پرۆژەیاسای بودجە تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستان كراوە، یەكێك لە گۆڕانكاریەكانیش كردنەوەی دو هەژماری بانكیە یەكێكیان بۆ داهاتی هەرێم، یەكێكیشیان بۆ پشكی هەرێم.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغدا بەخەندان-ی راگەیاند، لەئەنجامی گفتوگۆی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و یەكێتی و پارتی گۆڕانكاری لەژمارەیەك بڕگەی تایبەت بە پشكی هەرێم كراوە، بەڵام بڕگەی 10%ی گێڕانەوەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران، رەوانەكردنی داهات بۆ پارێزگایەكی هەرێم ئەگەر ناڕەزایەتی هەبو لەو پشكەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆی دەنێرێت وەك خۆیان ماونەتەوە و جێگیركراون.