هەواڵی ئەمڕۆ

تاوانێک لەناو پارکێکی فڕەنسا رویدا؛ چەند منداڵێک برینداربون

01:55 - 08/06/2023

2455جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرچاوە ئەمنییەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاند، بەهۆی هێرشێکی چەقۆوە لە شاری ئانسی لە بەرزاییەکانی ئالب لە فڕەنسا، حەوت کەس برینداربون کە شەشیان منداڵن.

سەرچاوەیەکی ئەمنی کە داوای کردوە ناوی ئاشکرا نەکرێت، لەگەڵ بەرپرسێکی ناوچەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندوە، کەسێک بە چەقۆ هێرشی کردوەتە سەر کۆمەڵێک منداڵ، کە تەمەنیان نزیکەی سێ ساڵ بوە.

هێرشبەرەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە
جیراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فڕەنسا لە تویتێکدا نوسیویەتی، هێرشبەرەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە.
هێرشەکە لە گۆڕەپانێکی یاری منداڵان لە شاری ئانسی لە ڕۆژهەڵاتی فڕەنسا ڕویداوە
ئاماژەی بەوەشکردوە، هێرشەکە لە گۆڕەپانێکی یاری منداڵان لە شاری ئانسی لە ڕۆژهەڵاتی فڕەنسا ڕویداوە و هۆکارەکەشی نادیارە.

وەزیری ناوخۆی فڕەنسا دەڵێت، سێ منداڵ لە هێرشەکەدا بە سەختی برینداربون، باری تەندروستییان ناجێگیرە.