هەواڵی ئەمڕۆ

باڵیۆزی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی خەندان: دەمانەوێت دادپەروەری لە دابەشکردنی داھات هەبێت

11:19 - 08/06/2023

4303جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، هیوادارم لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەی یاسای بودجە بگەنە رێککەوتن بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لەسەر بودجە و پشکی هەمو بەشەکانی عێراق کە پێویستیان پێیەتی بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانییەکان بۆ خەڵک.

ئالینا رۆمانەوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئەمڕۆ لەمیانی دیدارێکدا لەگەڵ بەشێک لە کەناڵەکانی میدیا، لەوەڵامی پرسیارێکی خەندان، لەبارەی ئەوەی لە کوردستان و لە عێراقیش کێشەی دابەشکردن هەیە لە داهات و لە بودجە، ئەمریکا چۆن هاوکاردەبێت لە پەیڕەوکردنی بنەماکانی دادپەروەری لەم بابەتدا، کە بوعدی سیاسی و کۆمەڵایەتیشی هەیە؟، راگەیاند، "پرسیارێکی باشە و ئەو بابەتە پەیوەستە بە کەسانی سیاسی و پارتەکانیانەوە و پێویست دەکات گفتوگۆ و دایالۆگ هەبێت لەنێوانیاندا بۆ ئەوەی ئەم باس و خواسانە بکەن و ئێستا گفتوگۆ لەم روانگەیەوە هەیە لەسەر مەسەلەی بودجە".

هیوادارم لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەی یاسای بودجە بگەنە رێککەوتن بەشێوەیەکی دادپەروەرانە
ئاماژەی بەوەشکرد، "هیوادارم لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەی یاسای بودجە بگەنە رێککەوتن بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لەسەر بودجە و پشکی هەمو بەشەکانی عێراق کە پێویستیان پێیەتی بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانییەکان بۆ خەڵک". 
ئەوە یەکەمجارمە کە سەردانی سلێمانی بکەم و خۆشحاڵم، سلێمانی بە شاری رۆشنبیری ناسراوە
هەر لەمیانی کۆبونەوەکەدا باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق باسی لەوەکرد، "ئەوە یەکەمجارمە کە سەردانی سلێمانی بکەم و خۆشحاڵم، سلێمانی بە شاری رۆشنبیری ناسراوە، کۆمەڵێک دیدار هەبو وایکرد سەردانی سلێمانی بکەم لەسەروی هەمویانەوە ئاهەنگی دەرچوانی زانکۆی ئەمریکی لە عێراق- سلێمانی بو کە کۆمەڵێک گەنجی تازەی هەرێمی کوردستان لەو زانکۆیە دەرچون، پێش ئاهەنگی دەرچونی زانکۆش دەرفەتی ئەوەم هەبو لەگەڵ سەرکردە سیاسیەکان و رێکخراوە ژینگەییەکان کۆببمەوە و گفتوگۆ بکەم کە لەبواری ژینگەدا کاردەکەن هەروەها لەگەڵ رێکخراوەکان کۆبومەوە کە لەبواری ژنان کاردەکەن".