بایدن پێشوازی لە سەناک دەکات؛ ئاهەنگی هاوڕێیەتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکان دەگێڕن

08:54 - 08/06/2023

2812جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆشکی سپی، جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پێشوازی لە ڕیشی سەناک، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا دەکات و تاوتوێی پرسەکانی ئۆکرانیا، ناتۆ و زیرەکی دەستکرد دەکەن، بەڵام سەناک بە تایبەتی دەیەوێت ئاهەنگ بگێڕێت بۆ ئەو دۆستایەتیەی دوبارە لە نێوان هەردو وڵاتدا بوژایەوە.

سەرەڕای ئەوەی کۆبونەوەی نێوان ئەو سەرکردەیەی دو وڵاتی زلهێز دۆستانە دەبێت، هاوکات ئاماژەیە بۆ باشتربونی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی لەندەن و وانشتن بە بەراورد بە سەردەمی بۆریس جۆنسن و لیز ترەس، سەرۆک وەزیرانەکانی پێشوی بریتانیا بون.

سەناک وەک "میوانێکی بەڕێز" لە بینای "بلێر هاوس" لە نزیک کۆشکی سپی نیشتەجێیە
ریشی سەناک وەک "میوانێکی بەڕێز" لە بینای "بلێر هاوس" لە نزیک کۆشکی سپی نیشتەجێیە، هەندێکجاریش لەوێ پێشوازی لە کەسایەتییە بیانییەکان دەکات، نازناوی "نوخبەترین هۆتێلی جیهان"ی بەدەستهێناوە.

دوای کۆبونەوەی لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ، کۆشکی سپی پلانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشی دانا، کۆنگرەیەک کە بە شێوەیەکی سیستماتیکی رونادات، کاتێک جۆو بایدن پێشوازی لە میوانەکان دەکات.
 ئەمریکا چەندین جار ستایشی پابەندبونی بریتانیای کردوە بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا
ئەو دو کەسە چەندین جار لە پەراوێزی لوتکە نێودەوڵەتییەکان یان بۆ دەستپێکردنی هاوکارییە سەربازییە گەورەکان لەگەڵ ئوسترالیا کۆبونەتەوە، ئەمریکا چەندین جار ستایشی پابەندبونی بریتانیای کردوە بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا، هەروەها واشنتن هەڵوێستی پتەوی ریشی سەناک لە دژی چین بەرز دەنرخێنێت.

پێویستە سەناک سود لەو "تێگەیشتنە باشە" وەربگرێت بۆ ئەوەی ئاماژە بۆ ئامانجەکانی بکات بۆ رێکخستنی "زیرەکی دەستکرد"، بوارێک کە تا ئێستاش بەبێ رێکخستن ماوەتەوە هەرچەندە یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا باسی دەکەن.
سەناک دەڵێت، یەکەمین لوتکەی جیهانی AI لە پاییزی ئەمساڵدا لە لەندەن بەڕێوەدەچێت
لە لێدوانێکیدا لە واشنتن، ریشی سەناک رایگەیاند، یەکەمین لوتکەی جیهانی AI لە پاییزی ئەمساڵدا لە لەندەن بەڕێوەدەچێت.
سەناک لەگەڵ جۆو بایدن گفتوگۆ دەکات بۆ هاندانی بن واڵاس بۆ سەرکردایەتیکردنی ناتۆ
هاوکات میدیاکانی بریتانیا بڵاویانکردەوە، سەناک لەگەڵ جۆو بایدن گفتوگۆ دەکات بۆ هاندانی بن واڵاس، وەزیری بەرگریی بۆ سەرکردایەتیکردنی ناتۆ.

سەرۆکی ئەمریکا پێش لوتکەی هاوپەیمانیی بەرگریی رۆژئاوا، دانوستانی دیپلۆماسی ئەنجام دەدات، کە مانگی داهاتو لە ڤیلنیۆس (لیتوانیا) بەڕێوەدەچێت و رۆژئاوا دەیەوێت لە میانەی ئەو کۆبونەوەیەدا پەیامێکی توند سەبارەت بە ئۆکرانیا بنێرێت.

لەبارەی بازرگانیشەوە پێشبینی دەکرێت سەناک "کۆنەپەرستانە"تر بێت، ئەو وازی لە بەدیهێنانی خێرا هێناوە لەوەی کە لە مێژە ئامانجێکی سەرەکی بریتانیای دوای برێگزیت بوە، کە بریتییە لە واژۆکردنی رێککەوتنێکی بازرگانی ئازاد لەگەڵ ئەمریکا.

نیشانەکردن

ئەمریکا بریتانیا