خەندان-
جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا لە سەردانەکەیدا بۆ تونس رایگەیاند، وڵاتەکەی 700 ملیۆن یۆرۆ وەک بودجە تەرخان دەکات بۆ یارمەتیدانی ئەو کەرتە گرنگانەی تونس کە ڕوبەڕوی کێشەی ئابوری و دارایی بونەتەوەک هاوکات بەستنی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی تایبەت بە کۆچبەری راگەیاند، ئەوەش هاوتەریب لەگەڵ دەستپێشخەرییەک کە پێشتر لەلایەن کایس سەعید، سەرۆکی تونسەوە ڕاگەیەندرابو.
پاڵپشتی دارایی ئیتاڵیا بۆ تونس، گوزارشتە لە جدیەتی مێلۆنی بەرامبەر تونس و هەنگاوی یارمەتیدانی بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە داراییە سەختە دەکات کە وڵاتەکەی پێیدا تێدەپەڕێت، تاوەکو رێککەوتنی نێوان تونس و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی واژۆدەکرێت، کە هێشتا پێویستی بە دانوستانی زیاترە لەسەر خاڵە هەستیارەکان، بەتایبەتی ئەو پرسەی باس لە هەڵگرتنی یارمەتییەکان لەسەر سوتەمەنی و کەرەستەی سەرەتایی دەکات.
ئەو هەنگاوە دەبێتەهۆی کەمکردنەوەی فشار لەسەر دەسەڵاتدارانی تونس
چاودێران پێیانوایە مێلۆنی ئەو دۆخە چاوەڕوانی و پێشبینییەی شکاندوە کە تایبەتمەندی هەڵوێستی ئەوروپییەکان بو سەبارەت بە دۆخی تونس، ئەو هەنگاوە دەبێتەهۆی کەمکردنەوەی فشار لەسەر دەسەڵاتدارانی تونس بۆ ئەوەی بتوانن لە دو ئاستدا مامەڵە بکەن، یەکەمیان بەڕێوەبردنی قەیرانی ناوخۆیە بە ئاسودەیی و دوەمیان بەردەوامبونە لە ڕۆڵی خۆی لە ڕوبەڕوبونەوەی شەپۆلی زیادبونی پەنابەران بەرەو ئەوروپا.
ئیتاڵیا کاردەکات بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان حکومەتی تونس و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی
مێلۆنی وتی، ئیتاڵیا کاردەکات بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان حکومەتی تونس و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەسەر پرۆگرامی قەرزی یەک ملیار و 900 ملیۆن دۆلار کە بەهۆی ناکۆکی لەسەر چاکسازیی یارمەتییەکان ڕاگیراوە.
رێککەوتنی ئەو قەرزە گرنگە بۆ کردنەوەی دەرگا بەڕوی پارەی زیادە بۆ هاوبەشە تونسییەکە
وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا پێیانوایە، کە رێککەوتنی ئەو قەرزە گرنگە بۆ کردنەوەی دەرگا بەڕوی پارەی زیادە بۆ هاوبەشە تونسییەکە.
حکومەتی ئیتاڵیا دەڵێت، پێویستە یەکێتی ئەوروپا خۆی لە ئەگەری داڕمانی ئابوری لە تونس بەدور بگرێت بۆ ئەوەی بتوانێت ڕەوتی کۆچبەری ناڕێک زیاتر لە کەناراوەکانی تونس بەرەو ئەوروپا کۆنتڕۆڵ بکات، چونکە کۆچکردن لەمساڵدا گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی.
ئیتاڵیا ئەمڕۆ ڕۆڵێکی پێشەنگ بۆ تونس لە پەیوەندی لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و پەیوەندی لەگەڵ ئەوروپا دەگێڕێت
نبیل الرابحی، شرۆڤەکاری سیاسی تونس پێیوایە کە "ڕاگەیاندنی مێلۆنی سەبارەت بە دابینکردنی 700 ملیۆن یۆرۆ بۆ هاوکاریکردنی کەرتە گرنگەکانی تونس، پێش ئەوەش لێدوانەکەی ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کە داوای پشتیوانی لە مەلەفی تونسی لەگەڵ خێرخوازان دەکات، پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئیتاڵیا ئەمڕۆ ڕۆڵێکی پێشەنگ بۆ تونس لە پەیوەندی لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا دەگێڕێت".
ئەو شارەزایە دەڵێت، "هەمو ئەو دەستێوەردانانە لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە سەروەری نیشتمانی تونس، لەگەڵ پاڵپشتی دارایی بەردەوامە، ئەمەش هەنگاوێکی زۆر ئەرێنییە".
مێلۆنی بۆ ماوەی نزیکەی دو کاتژمێر لە کۆشکی سەرۆکایەتی تونس لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبوەوە
مێلۆنی بۆ ماوەی نزیکەی دو کاتژمێر لە کۆشکی سەرۆکایەتی تونس، چاوی بە سەرۆکی تونس کەوت، لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە، کە وڵاتەکەی "پشتیوانی تونس دەکات" لە میانی گفتوگۆکانیدا لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ بەدەستهێنانی قەرزێکی نوێ کە نزیکەی دو ملیار دۆلارە.
سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا وتی، وڵاتەکەی هەنگاو دەنێت "لە ئاستی ئەوروپا و گروپی حەوتدا، بە پەیڕەوکردنی ڕێبازێکی پراکتیکی بە لەبەرچاوگرتنی ڕێبازی کاری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی".
سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا لەگەڵ سەرۆکی تونس بیرۆکەی سازدانی کۆنفرانسێک لە ڕۆما سەبارەت بە کۆچ و گەشەپێدان تاوتوێ کرد بۆ ئەوەی "دەرفەتێک بێت بۆ کۆکردنەوەی وڵاتانی کەنارەکانی باشوری دەریای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو بۆ گوێگرتن لە پێداویستییەکان و پلاندانان بۆ ئەو پڕۆژانەی کە وەبەرهێنانەکان ڕادەکێشن".
تونس وڵاتێکە بەهۆی قەرزەکانیەوە بارگرانی بۆ دروستبوە و روبەڕوی قەیرانی دارایی بوەتەوە
تونس وڵاتێکە بەهۆی قەرزەکانیەوە بارگرانی بۆ دروستبوە و روبەڕوی قەیرانی دارایی بوەتەوە، نزیکەی دو ساڵە لە دانوستاندایە بۆ وەرگرتنی قەرزی نوێ لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، بەڵام سەرەڕای ئەو ڕێککەوتنە سەرەتاییەی کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردودا ئەنجامیدا، هێشتا دانوستانەکان نەگەیشتونەتە کۆتایی.
مێلۆنی ڕێککەوتنی نێوان سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و تونسی بە "بنەڕەتێک بۆ بەهێزبون و بوژانەوەی تەواوەتی وڵاتەکەی" وەسفکرد.
مێلۆنی داوای کرد لە ئاستی ئەوروپادا ڕێگەیەکی کۆنکرێتی بۆ زیادکردنی پشتیوانی بۆ تونس بدۆزرێتەوە
سەبارەت بە پرسی کۆچی نایاسایی، مێلۆنی داوای کرد "لە ئاستی ئەوروپادا ڕێگەیەکی کۆنکرێتی بۆ زیادکردنی پشتیوانی بۆ تونس لە بەرەنگاربونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و کۆچی نایاساییدا و بۆ بەرنامەیەک کە هەمو پارەکان لەخۆبگرێت"، لەنێویاندا هاوکاریکردن لە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران.