سوید لەڕێگەی یاسایەکەوە تەنگ بە کوردەکان هەڵدەچنێت.. دەبێتە ئەندامی ناتۆ

10:58 - 04/06/2023

6035جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید دژ بە هەنگاوەکانی حکومەتی وڵاتەکەیان بۆ بەئەندامبون لە هاوپەیمانێتی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" و پەسەندکردنی یاسایەکی نوێی دژە تیرۆر دەستیپێکرد، هێزە ئەمنیەکانیش هەڵمەتێکیان بۆ دەستگیرکردنی ئەو هاوڵاتیە کوردانە ئەنجامدا کە لەلایەن تورکیاوە داواکراون.

تۆماس پیتەرسۆن وتەبێژی هاوپەیمانی دژە ناتۆ ڕاگەیاندوە، حکومەتی سوید بەدوای کورددا دەگەڕێت، بیرۆکەی یاسا نوێیەکەش کە حکومەت پەسەندی کردوە، دەستگیرکردن و دادگاییکردنی کوردەکانە،  بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی تورکیا بەئامانجی ئەندامبون لە ناتۆ.

بەگوێرەی یاسا نوێیەکەی سوید تێوەگلان لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بە تاوان هەژماردەکرێت

بەگوێرەی یاسا نوێیەکەی سوید کە لە 1ی (حوزەیران/6)ی 2023ەوە کاری پێدەکرێت، تێوەگلان لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بە تاوان هەژماردەکرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی سویددا دێت بۆ بەهێزکردنی یاسای دژە تیرۆر، هەروەها یەکێکە لە مەرجەکانی تورکیا بۆ پەسەندکردنی سوید وەک ئەندامێکی ناتۆ.

یاسا نوێیەکە ئامانجی بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین نییە

لای خۆیەوە، تۆبیاس بیلسترۆم وەزیری دادی سوید ستایشی یاسا نوێیەکەی کرد و بە دوا هەنگاوی پێش ئەندامێتی لە ناتۆی وەسفکرد، بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی ساڵی ڕابردو لەگەڵ تورکیا ئەنجامیانداوە و وتی، "یاسا نوێیەکە ئامانجی بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین نییە".

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەنقەرە پێشتر ناڕەزایی خۆی دەربڕیبو لەو ناڕەزایەتییەی کە بڕیاربو لە ژێر دروشمی "نا بۆ ناتۆ، نا بۆ یاساکانی ئەردۆگان" لە سوید، کە لەلایەن گروپە نزیکەکانی پەکەکەوە ڕێکخرابو.

ئەمڕۆش کۆمەڵێک خۆپیشاندەر کە ئاڵای پارتی کرێکارانی کوردستانیان بەرزکردبۆوە، لەگەڵ دروشمێک کە لەسەری نوسرابو (نا بۆ ناتۆ) لەگەڵ خۆپیشاندەرانی دیکەی ستۆکهۆڵم هەماهەنگیان کرد و ناڕەزایەتیەکانیان فراوانترکرد.

پێشتریش، ئیبراهیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ڕایگەیاندبو، بەردەوامیی چالاکییەکانی پەکەکە بە ئازادانە لە سوید قبوڵکراو نییە، داوای لە دەسەڵاتدارانی سوید کرد ڕێگری لە خۆپیشاندانیان بکە.

نیشانەکردن

سويد