خەندان-
شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، وەرزی دابارانی 2023-2024 لەڕوی بەفر و بارانبارین و سەرماوە تەواو سەخت دەبێت، تێکڕای دابارین دەچێتە سەروی ئاسایی و دەشڵێت، "لەناوەڕاستی وەرزی هاوینیشەوە پلەکانی گەرما گۆڕانکاریان بەسەردا دێت".
شاڵاو هیدایەت شارەزای بواری کەشناسی لەڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە رایگەیاندوە، "وەرزی دابارینی 2023 - 2024 ز لەڕوی سەرماو بەفریشەوە تەواو سەخت دەبێت ئەوە سەرەڕای ئەوەی بارانی زۆرباشیش دەبارێت، جیاواز لەساڵانی پێشتر لەهەمو ناوچەکان بەڕادەی زۆر بارانی وەرزانەو تێکرای ساڵانە دەچێتە سەروی نۆرماڵ ".
مۆدێلی MME پێشبینی زۆری پلەکانی گەرما بۆ سەروی نۆرماڵ دەکات
ئاماژەی بەوەشکردوە، "مۆدێلی MME پێشبینی زۆری پلەکانی گەرما بۆ سەروی نۆرماڵ دەکات لەناوچەکانی زەریای بەستەڵەکی باکور لەناو وەرزی هاوین بەدواوە".
سەرماو بەفر لەناوچەکانی ڕوسیاو جەمسەری و خۆرهەڵاتی ئەوروپاش زیاتر دەبن
شاڵاو هیدایەت دەشڵێت، "گەرمبونی زەریای بەستەڵەکی باکور وادەکات زۆرترین نزمە پەستان دروست ببێت و بارستە هەوا ساردەکانی جەمسەری و سیبری ڕوسیاش زیاتر شۆڕ دەبنەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە، چونکە سەرماو بەفر لەناوچەکانی ڕوسیاو جەمسەری و خۆرهەڵاتی ئەوروپاش زیاتر دەبن".
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەناوچەکانمان بەفر و سەرما لەئاستێکی ئاسایی زیاتر دەبن، شەپۆلەکانی سەرماش زیاتر دەبن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ساڵەکەی زۆر باش دەبێت لەڕوی بارانیشەوە تەواو سەخت دەبێت، تەرزەش زیاتر دەبێت لەئاستی ئاسایی، ئەمەش بەهۆی ڕودانی چەند دیاردەیەکەوە رودەدات".