تۆمەتبارێك لەسەر فرۆشتنی "دەمانچەیەكی قەدەغەكراو" دەستگیردەكرێت

09:18 - 04/06/2023

3288جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای هەولێر هۆشداری لەهەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت و بەتایبەتیش دەمانچەی توركی دەدات و راشیدەگەیەنێت، "ئەمڕۆ تۆمەتبارێكیان دەستگیركردوە كە كاری كڕین و فرۆشتنی چەكی بێ مۆڵەتی دەكرد لە جۆری (دەمانچەی توركی).

ئاسایشی هەولێر لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "ئەمڕۆ یەكشەممە بە پلانێكی تایبەت، تیمەكانمان توانیان تۆمەتبارێك بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیر بكەن كە كاری كڕین و فرۆشتنی چەكی بێ مۆڵەتی دەكرد لە جۆری (دەمانچەی توركی) كە ئەمجۆرە دەمانچەیە بەپێی یاسا قەدەغەیە و ڕێگەپێدراو نییە".

 دایكان و باوكان ئەوەیان لەبەرچاو بێت كە ئەمجۆرە دەمانچانە جێگای مەترسین و بەداخەوە لەدەرەوەی یاسا

ئاسایشی هەولێر داوای لە هاوڵاتیان بە تایبەت دایكان و باوكان كردوە، "ئەوەیان لەبەرچاو بێت كە ئەمجۆرە دەمانچانە جێگای مەترسین و بەداخەوە لەدەرەوەی یاسا، لەلایەن هەندێك كەسی لە یاسادەرچو كاری كڕین و فرۆشتنیان  پێوە دەكرێت، بۆیە ئەگەر لەم جۆرە دەمانچانە لای رۆڵەكانتان هەیە، بۆ پاراستنی گیانیان و دورخستنەوەیان لە ئەنجامدانی تاوان، داواكارین سەردانمان بكەن و ئەو جۆرە دەمانچانەمان ڕادەست بكەن یاخود ئاگادارمان بكەنەوە".

هەر كەسێك لەم جۆرە دەمانچانەی لابێت یان چەكی بێ مۆڵەت هەڵبگرێت، دەستگیر دەكرێت

ئاسایشی هەولێر هۆشداریش لەبارەی ئەو جۆرە دەمانچەیەوە دەدات و دەڵێت، "هەر كەسێك لەم جۆرە دەمانچانەی لابێت یان چەكی بێ مۆڵەت هەڵبگرێت، دەستگیر دەكرێت و ڕوبەڕوی یاسا دەكرێتەوە".

نیشانەکردن

هەولێر