خەندان-
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە كرێكارێك لەكاتی كاركردندا، بنمیچی خانویەك بەسەریدا روخا و بەسەختی برینداربو، پاش گەیاندنیشی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
سەرچاوەیەك لە نەخۆشخانەی شەهید شەوكەت لەقەزای سەیدسادق بە خەندان-ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هاوڵاتیەك بەناوی ئەحمەد عەزیز تەمەن 45 ساڵ كە پیشەی كرێكارە گەیەندرایە نەخۆشخانەكەیان كە بەهۆی كەوتنی بنمیچی ئەو خانوەی كاری تێدا دەكرد، بەسەختی برینداربو.
بەرلەوەی بگەیەندرێتە نەخۆشخانەی شار گیانی لەدەستدا
وتیشی، "پاش گرتنەبەری رێكارە تەندروستیەكان، ئەو هاوڵاتیە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی كرا، بەڵام بەرلەوەی بگەیەندرێتە نەخۆشخانەی شار گیانی لەدەستدا".
ئاماژەی بەوەشكرد، لەئێستادا تەرمەكەی گەیەندراوەتە پزیشكی دادی سلێمانی و پاش رێكارەكان، رادەستی كەسوكار و خانەوادەكەی دەكرێتەوە.
هەر ئەمڕۆ و لەڕوداوێكی هاوشێوەدا، رەمەزان ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە خەندان-ی راگەیاند، ئەمڕۆ یەكشەممە لەكاتی كاركردن لەپرۆژەكانی زاخۆ (نیو زاخۆ) كرێكارێك لە نهۆمی سێیەمەوە كەوتەخوارەوە و بەسەختی برینداربو، راستەوخۆ بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی زاخۆ گواسترایەوە، پاشانیش رەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك كرا، بەڵام بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا.