خەندان-
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە هێزەكانی سوپای عێراق ژمارەیەك جوتیاری كوردیان لەسنوری ناحیەی سەرگەڕانی قەزای دوبز لەشاری كەركوك دەستگیركرد، لەئێستاشدا بەڵێننامەیان پێ پڕدەكەنەوە جارێكی دیكە هیچ كارێكی كشتوكاڵی لەسەر زەویەكانیان نەكەن.
غازی فەیسەڵ، فەرماندەی پێشمەرگە لەسنوری قەزای مەخمور و چیای قهرهچوغ بە خەندان-ی راگەیاند، ماوەی پێنج رۆژە فیرقەی 8ی سوپای عێراق پێنج گوندی كوردنشینی لەسنوری ناحیەی سەرگەڕان ئاگاداركردۆتەوە، دوای دروێنەكردنی گەنم و جۆی ئەمساڵ، بەهیچ شێوەیەك بۆیان نیە هەڵسوكەوت بەزەویەكانیانەوە بكەن لەبەرئەوەی كێشەی یاساییان هەیە و دەبێت كاركردن رابگیرێـت تا ئەوكاتەی كێشە یاساییەكان چارەسەر دەكرێن.
دەستبەسەریان كردون و بۆ بنكەی پۆلیسی سەرگەڕان گواستویانەتەوە
وتیشی، "ئەمڕۆ فیرقەی 8ی سوپای عێراق گەڕانێكیان لەسنوری ناحیەی سەرگەڕان ئەنجامداوە، لە چەند شوێنێك بینیویانە تراكتۆر كاری كردوە بەتایبەت لەگوندی (شەناغە) و نۆ كەس لەگوند بون و بانگیان كردون، پێیانوتون بۆچی پاش ئاگاداركردنەوەش هێشتا لەكاركردن بەردەوامن، هەربۆیە دەستبەسەریان كردون و بۆ بنكەی پۆلیسی سەرگەڕان گواستویانەتەوە".
بەڵێننامە بەجوتیارە كوردەكان پڕدەكرێتەوە
ئاماژەی بەوەشكرد، بەڵێننامە بەجوتیارە كوردەكان پڕدەكرێتەوە كە جارێكی دیكە و تاوەكو كێشەی زەویەكان یەكلادەكرێنەوە، هیچ كارێكی كشتوكاڵی نەكەن.
ناوچەكەی ئێمە لە سنوری ناحیەی سەرگەڕان كۆمەڵێك كێشەی یاسایی روبەڕو بۆتەوە
غازی فەیسەڵ ئەوەشی رونكردەوە، "ناوچەكەی ئێمە لە سنوری ناحیەی سەرگەڕان كۆمەڵێك كێشەی یاسایی روبەڕو بۆتەوە، یەكێك لە كێشەكانیش لەنێوان جوتیارانی كورد و عەرەبدان و مێژوەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی سەدام حسێن، كە زەوی و خاكی كورد بەنایاسایی دراوە بە عەرەب و بۆئەو مەبەستەش نوسراو و بەڵگەنامەی فەرمیان بۆ دروستكردون.
رێگە نادەن جارێكی دیكە زەویەكانیان لەلایەن عەرەبەوە داگیربكرێت
وتیشی، "دانیشتوانی گوندنشین كە كوردن و موڵك و سەنەداتیان هەیە، رێگە نادەن جارێكی دیكە زەویەكانیان لەلایەن عەرەبەوە داگیربكرێت، بۆیە ئەم كێشەیە بەهەڵواسراوی ماوەتەوە".
ئەم كێشەیە ماوەیەكی زۆری كێشا و دەبێت یەكلابكرێتەوە
غازی فەیسەڵ دەشڵێت، "پێشنیازدەكەم پەرلەمانی عێراق دانیشتنی تایبەت بەكێشەی زەوی جوتیاران ئەنجامبدات، سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانیش بێنەسەرخەت، چونكە ئەم كێشەیە ماوەیەكی زۆری كێشا و دەبێت یەكلابكرێتەوە، رۆژانە ئەم ناكۆكی و شەڕ و پێكدادانەش بەردەوام دەبن و ئەگەری روداوی نەخوازراویش هەیە".