خەندان-
هێزەکانی بەرگری شارستانی جەزائیر، دوای ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی گەڕان و بەدواداچون، تەرمی چوار کەسیان دۆزییەوە کە لە دوێنێوە لە ئەنجامی ئەو بارانبارینە بەخوڕانەی پارێزگای سەعیدەی گرتەوە بێسەروشوێن بون، بەگشتیش ئەو وڵاتە هەفتەیەکی کارەساتبار تێپەڕیوە.
بەرگری شارستانی جەزائیر لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردۆتەوە، ئەمڕۆ بەرەبەیانی یەکشەممە، تەرمێکی بێسەروشوێن بو دۆزراوەتەوە، دواتر دو تەرم دۆزراونەتەوە، تەرمی یەکەم منداڵێکی تەمەن 12 ساڵە کە لە گوندی سەیدی میمونەوە هاتوە، شارەوانی عەین سوڵتانی سەر بەقەزای ئەولاد ئیبراهیم، کە لە ناوچەی رەفافسە دۆزرایەوە.
یەکێکی دیکە لە قوربانیەکان تەمەنی 37 ساڵە و خەڵکی ناوچەی خالیدی سەر بە قەزای ئەولاد ئیبراهیمە
ئەوەشی رونکردۆتەوە، یەکێکی دیکە لە قوربانیەکان تەمەنی 37 ساڵە و خەڵکی ناوچەی خالیدی سەر بە قەزای ئەولاد ئیبراهیمە، لە ناوچەی حەشادی سنوری گوندی خەریشفە دۆزراوەتەوە، هەروەها قوربانی سێیەمیش کچێکی تەمەن 17 ساڵانە و لەهەمان شوێن دۆزراوەتەوە.
هەفتەی ڕابردو بۆ هەزاران جەزائیری کارەساتبار بو
رێکخراوی ئاشتی سەوز (گرینپیس)، لە کۆتایی مانگی ئایاری ڕابردودا، لە ڕێگەی پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، ڕاپرسییەکی لەسەر بۆچونی خەڵکی جەزائیر سەبارەت بەو لافاوانەی ئەم دواییە ئەنجامدا کە کاریگەرییان لەسەر چەند ویلایەتێک دروستکرد و رایگەیاند، هەفتەی ڕابردو بۆ هەزاران جەزائیری کارەساتبار بو.
ڕێکخراوەکە کە مامەڵە لەگەڵ پرسە ژینگەییەکان دەکات، داوای لە جەزائیرییەکان کردوە "چیرۆک"ەکانیان سەبارەت بەو بارانە بەخوڕانەی کە شارەکانیان گرتەوە بخەنەڕو کە چیان ماوەتەوە و کاریگەری لەسەریان چی بوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، کارەساتەکە قوربانییەکانی بەجێهێشتوە و وێرانکارییەکی بەرفراوانی دروستکردوە و هێشتا زوە بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکانی.