وەزیری دەرەوەی پاکستان بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵا دەگاتە بەغدا

06:09 - 04/06/2023

1927جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، سبەی دوشەممە وەزیری دەرەوەی پاکستان بەسەردانێکی فەرمی دەگاتە بەغدای پایتەخت و لەچوارچێوەی ئەو سەردانەشدا، ژمارەیەک رێکەوتن و لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردو وڵات واژۆدەکرێت. 

ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سبەی بیلاوال بوتو زارداری وەزیری دەرەوەی پاکستان بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا سەردانی بەغدا دەکات و بۆ دو رۆژ دەمێنێتەوە، لەو سەردانەشدا لەگەڵ فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق کۆدەبێتەوە.

ئامانجی سەرەکی سەردانەکە واژۆکردنی ژمارەیەک رێکەوتن و لێکتێگەیشتنە لەنێوان هەردو وڵات

ئاماژەی بەوەشکردوە، هەر لەسەردانەکەیدا وەزیری دەرەوەی پاکستان لەگەڵ د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە، ئامانجی سەرەکی سەردانەکەش واژۆکردنی ژمارەیەک رێکەوتن و لێکتێگەیشتنە لەنێوان هەردو وڵات.

کۆتایی مانگی (ئایار/5)ی 2021 وەزیری دەرەوەی پاکستان بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە عێراق و ژمارەیەک یاداشتی لێکتێگەیشتن لەبوارەکانی گەشتیاری ئاینی و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر لەنێوان هەردو وڵات واژۆکرا.

ساڵانە ملیۆنان کەس لە وڵاتانی جۆربەجۆری جیهان لەوان پاکستانەوە ڕوو لە عێراق دەکەن بۆ سەردانی مەزارگە پیرۆزەکانی شیعەکان لە پارێزگاکانی کەربەلا و نەجەف، لە باشوری ئەو وڵاتە.

نیشانەکردن

عێراق پاکستان