پەرلەمانتارێک زانیاری نوێ لەبارەی ناکۆکیەکانی هەرێم و بەغدا ئاشکرادەکات

05:17 - 04/06/2023

46523جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکی هاوپەیمانی سیادە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ناکۆکییەکان لەسەر مادەکانی 13 و 14ی پەیوەست بە ڕادەستکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن و هەر ئەوەش وایکردوە، پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە دوابکەوێت.

عەدنان جحێشی ئەندامی هاوپەیمانی سیادە لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەبارەت بەو بڕگەیەی پەیوەستە بە پارەی پاشەکەوتکراوی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان، ڕێککەوتن کراوە، تەنها جیاوازی تەکنیکی ماوە کە بە زوترینکات دەتوانرێت تێپەڕێنرێت.

ناکۆکیەکان لە دەوری مادەکانی 13 و 14ی بودجە دەسوڕێنەوە

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ئێستادا ناکۆکیەکان لە دەوری مادەکانی 13 و 14ی بودجە دەسوڕێنەوە کە پەیوەندییان بە ڕادەستکردنی نەوتەوە هەیە لەلایەن هەرێمەوە بە حکومەتی فیدڕاڵی".

هیوادارین لە ماوەی دو ڕۆژی داهاتودا ئەمە ڕوبدات

ئەوەشیخستەڕو، ئەو ناکۆکییانە پێویستیان بە گفتوگۆی هاوبەش هەیە لەگەڵ هەمو لایەنەکان بۆئەوەی چارەسەر بکرێن و لەئەنجامیشدا دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای یاسای بودجەی گشتی بدرێت و تێپەڕێندرێت، "هیوادارین لە ماوەی دو ڕۆژی داهاتودا ئەمە ڕوبدات".

پێشتریش محەمەد شەبەکی ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاندبو، لەم هەفتەیەدا بەزۆرینە پرۆژەیاسای بودجە تێدەپەڕێندرێت، چونکە لە لیژنەی دارایی سەرجەم بڕگە و ماددەکانی پرۆژەیاساکە تەواوکراون.

نیشانەکردن

عێراق