خەندان-
محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، بانگهێشتێکی فەرمی لەلایەن بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریاوە بۆ سەردانیکردنی دیمەشق پێگەیشت.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران، محەمەد شیاع سودانی ئەمڕۆ پێشوازی لە فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی کۆماری عەرەبی سوریا کردوە، لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی لایەنە جۆراوجۆرەکانی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان هەردو وڵاتی برا و ڕێگاکانی پەرەپێدانیان کراوە.
بانگهێشتنامەیەکی بۆ محەمەد شیاع سودانی گەیاندوە بۆئەوەی سەردانی دیمەشق بکات
وەزیری دەرەوەی سوریا سڵاوی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا و بانگهێشتنامەیەکی بۆ محەمەد شیاع سودانی گەیاندوە بۆئەوەی سەردانی دیمەشق بکات، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ئاسۆی زیاتری هاریکاری دو قۆڵی و هەماهەنگی کاری هاوبەش بەرەو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەکە.
وابەستەیی ئاسایشی نیشتمانی عێراقی لەگەڵ ئاسایشی سوریا دوپاتکردەوە
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بە گرنگی یەکپارچەیی خاکی سوریا بۆ عێراق کرد، هەروەها وابەستەیی ئاسایشی نیشتمانی عێراقی لەگەڵ ئاسایشی سوریا دوپاتکردەوە و جەختیشیکردەوە لەسەر ئامادەیی تەواو بۆ یارمەتیدانی گەلی سوریا بۆ تێپەڕاندنی ئازار و قەیرانەکانی.
وەزیری دەرەوەی سوریا جەختیکردەوە لەسەر خواستی کارکردنی پێکەوەیی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکان
لای خۆیەوە فەیسەڵ میقداد پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەنگاوەکانی عێراق و ڕۆڵی سەرەکی عێراق لە ناوچەکە و هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی پەیوەندی نێوان برایانی عەرەب و وڵاتانی ناوچەکە دەربڕی و جەختیکردەوە لەسەر خواستی کارکردنی پێکەوەیی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکان، ئاڵوگۆڕی زانیاری سەبارەت بە بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و گرنگیدان بە دۆسیەی پەنابەران
وەزیری دەرەوەی سوریا پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەڵوێستەکانی عێراق لە پشتیوانیکردنی سوریا لە ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانەکان و میوانداریکردنی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی سوریا دەربڕی.