کوێستان محەمەد: دەمانەوێت گەنجان بکەینە خاوەنی کار و موچە بۆ هەژاران ببڕینەوە

12:52 - 04/06/2023

2614جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەیانەوێت گەنجانی هەرێمی کوردستان هانبدەن ببن بە خاوەن کار و پیشەی خۆیان، دەشڵێت، "رێنماییمان ئامادەکردوە بۆ ئەوەی لیستێکی پاک و بێگەندەڵی ئامادەبکەین کە بتوانین کە هەرکاتێک بودجە و داهاتی هەرێمی کوردستان هەبێت ناوی هەژاران ئامادە بێت بۆ ئەوەی موچەیان بۆ ببڕدرێتەوە".

کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ لەمیانی کردنەوەی سەنتەری راهێنانی پیشەیی لە چەمچەماڵ، رایگەیاند، "ئامانجمان لە کردنەوەی ئەم جۆرە سەنتەرانە و گرنگیدان پێیان بۆ ئەوەیە گەنجەکانمان فێرە پیشەی جیاجیا بکەین و بتوانن لەگەڵ خۆیاندا چەند کەسێکی دیکەش دابمەزرێنن، لیژنەکانی وەزارەت بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ بازاڕ دەکەن، بۆ ئەوەی بزانن لە بازاڕ کام پیشەیە کە هەلی کار دەگونجێنێت بۆ گەنجەکانمان".   

 30%ی ئەو گەنجانەی بەشدارییان لە خولەکاندا کردوە ئێستا خاوەن پیشە و کاری خۆیانن
ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەک لە گەنجانی هەرێمی کوردستان بەشداری خولە جیاجاکانی سەنتەرەکانی سەر بەو وەزارەتە دەکەن و 30%ی ئەو گەنجانەی بەشدارییان لە خولەکاندا کردوە ئێستا خاوەن پیشە و کاری خۆیانن.

پەیوەست بە تۆمارکردنی ئەو خێزانانەی کە هەژارن بۆ ئەوەی موچەی چاودێری کۆمەڵایەتیان پێبدرێت هاوشێوەی عێراق، کوێستان محەمەد باسی لەوەکرد، لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا چواردا کە چوار وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی عێراق گۆڕاوە سەردانی هەمو وەزیرەکانی کردوە و لەکاتی ئامادەکردنی رەشنوسی بودجەی هەرێمی کوردستان کارمان لەسەر کردوە و ئێستا ئەوان ناوی هەمو هەژارەکان وەرگرتوە، چ وەکو پەرلەمانتارە کوردەکان لە بەغدا چ وەزارەتی کاری عێراق".
رێنماییمان ئامادەکردوە بۆ ئەوەی لیستێکی پاک و بێگەندەڵی ئامادەبکەین کە بتوانین موچە بدەینە هەژاران
رونیشیکردەوە، "رێنماییمان ئامادەکردوە بۆ ئەوەی لیستێکی پاک و بێگەندەڵی ئامادەبکەین کە بتوانین کە هەرکاتێک بودجە و داهاتی هەرێمی کوردستان هەبێت ناوەکانیان ئامادە بێت بۆ ئەوەی موچەیان بۆ ببڕدرێتەوە".