خەندان-
سەرچاوەیەک لە گەنجینەکانی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی ئایاری لیوا هاوبەشەکان دەکرێت کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە پارەیان بۆ تەرخاندەکرێت، پێدەچێت دو رۆژ دواتریش دابەشکردنی موچەی شوێنەکانی دیکەش دەستپێبکات.
سەرچاوەیەک لە گەنجینەکانی پارێزگای سلێمانی بە خەندان-ی راگەیاند، ئامادەکاریەکانیان بۆ ئەوەیە کە رۆژی سێشەممە موچەی لیوا هاوبەشەکان دابەشبکەن، کە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە پارەکەیان داببیندەکرێت، رۆژانی دواتریش دەست بە دابەشکردنی موچەی شوێنەکانی دیکە دەکرێت.
چاوەڕوان دەکرێت رۆژی چوارشەممە 7ی ئەم مانگە دابەشکردنی موچەی وەزارەتەکانی دیکە دەستپێبکات
ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕوان دەکرێت رۆژی چوارشەممە 7ی ئەم مانگە دابەشکردنی موچەی وەزارەتەکانی دیکە بەپێی خشتەی راگەیەندراوی مانگەکانی رابردو دەستپێبکات.
مانگانە حکومەتی هەرێم لە دوای پێنج هەمو مانگێکەوە دەست بە دابەشکردنی موچە دەکات
مانگانە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای پێنج هەمو مانگێکەوە دەست بە دابەشکردنی موچە دەکات و تاوەکو کۆتایی مانگ دابەشکردن موچە کۆتایی دێت، هەرچەندە ئێستا چوار رۆژی مانگی 6 تەواودەبێت، بەڵام هێشتا موچەی مانگی پێنجی دابەشنەکردوە.
مانگی رابردوش حکومەتی عێراق بە دو گوژمە 800 ملیار دیناری رەوانە کرد
هەواڵی دەستپێکردنی دابەشکردنی موچە لەکاتێکدایە کە لە 25ی (ئازار/3)ی ئەمساڵەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری تورکیاوە راگیراوە، تائێستاش وادەی دەستپێکردنەوەی دیارنیە، مانگی رابردوش حکومەتی عێراق بە دو گوژمە 800 ملیار دیناری رەوانە کرد و لەگەڵ داهاتی ناوخۆ توانرا موچەی مانگی نیسانی ئەمساڵی لێبدرێت.