بانکی ناوەندی رونکردنەوە لەبارەی فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران و ماستەرکارد دەدات

05:39 - 02/06/2023

12968جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بانکی ناوەندی عێراق پابەندبونی خۆی بە دەرهێنەرانی کارتی بانکیی بۆ هەرکەسێک کە خواستی هەبێت دوپاتکردەوە، هاوکات ڕێکارەکانی خۆی لە دژی ئەو کەسانە راگەیاند کە بۆ مەبەستی ناشیاو بەکاریدەهێنن، دەشڵێت، "هەر گەشتیارێک کە دەچێتە دەرەوەی وڵات دەتوانێت داوای دو هەزار دۆلار بکات کە بە 132 هەزار دینار پێی دەدرێت".

نوسینگەی راگەیاندنی بانکی ناوەندی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، "هەر هاوڵاتییەک ئارەزوی گەشتکردنی هەیە مافی ئەوەی هەیە داوای کڕینی 2 هەزار دۆلار بکات، هەنگاوەکانیش لە بەدەستهێنانی بلیتی سەفەری کارا دەستپێدەکات، کە بەرواری گەشتەکەی لەسەرە، دەتوانێت سەردانی بانکێک یان کۆمپانیایەکی ئاڵوگۆڕکردن بۆ تۆمارکردنی داتاکانی لەسەر پلاتفۆرمی فرۆشتنی دۆلار (FITR) بکات بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانی".

بانکی ناوەندی رێنمایی نوێی دەرکرد بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەلامەتی بەکارهێنانی کارتی بانکی
پەیوەست بە پێدانی کارتی ڤیزە و ماستەرکارد، بانکەکە ڕونیکردەوە، "بانکی ناوەندی رێنمایی نوێی دەرکرد بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەلامەتی بەکارهێنانی کارتی بانکیی، کە تیایدا سەقفی بەکارهێنان بۆ ئەو کارتە مانگانە و ڕۆژانە دانراوە".
مەرجەکان دەسەڵاتی دەرهێنان پابەند دەکەن بە دەرکردنی یەک کارت بۆ هەر کڕیارێک
بانکی ناوەندی عێراق دەڵێت، "مەرجەکان دەسەڵاتی دەرهێنان پابەند دەکەن بە دەرکردنی یەک کارت بۆ هەر کڕیارێک دوای پێشکەشکردنی سەرجەم بەڵگەکانی تایبەت، بە لەبەرچاوگرتنی پێداچونەوەی بەردەوامی مامەڵەی کارت بۆ ئەو کەسانەی کە کارتەکانیان بۆ مامەڵەی نادروست بەکاردەهێنن".