ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی باندێکی "فرۆشتنی ئامێرەکانی قۆپیکردن" ڕادەگەیەنێت

08:15 - 01/06/2023

1806جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هێزەکانیان گروپێکیان دەستگیرکرد کە لە سێ کەس پێکهاتون و هەوڵیاندابو خوێندکاران فریو بدەن کە پرسیاری پۆلی 12ی ئامادەیی دەفرۆشن بە ڕێگای مامەڵەی ئۆنلاین .

دەزگای ئاسایشی هەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "پاش دەستکەوتنی زانیاری لەسەر فرۆشتنی ئامێرەکانی ( قۆپیکردن ) و تێکدانی دەرونی خوێندکاران و فریودانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە کە پرسیاری پۆلی 12ی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی 2023 دەفرۆشن، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، هێزەکانی دەزگای ئاسایش بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین و ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی لە ماوەیەکی کورتدا زانیاری پێویست بەدەستهات بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی تۆمەتباران و دەستگیرکردنیان ".

سەرئەنجام توانرا گروپێکی سێ کەسی دەستگیربکرێن

ئاماژەی بەوەشکردوە، سەرئەنجام توانرا گروپێکی سێ کەسی دەستگیربکرێن، کاریان فرۆشتنی ئامێرەکانی قۆپیکردن بوە و دەستگیرا بەسەر چەند ئامێر و کەرەستەی قۆپیکردن وەک ئامێری پەیوەندیکردنی (بێسیم) بە شێوەی شاراوە لە جلوبەرگی ژێرەوەی پیاوان و ژنان دانرابون، بیستۆک (سەماعە) ، قەڵەم جافی قۆپیکردن، ئامێری پشکنین  .

ئامێرەکانیان لە ناوەڕاست و باشوری عێراق هێناوە و هەوڵیانداوە لە ڕێگای ئۆنلاینەوە ئامێرەکانیان ساغبکەنەوە

ئەوەشی رونکردۆتەوە، "تۆمەتباران پێکهاتون لە ( ش ، ع ، ڕ ) ، ( ە ، م ، ح ) ، ( ش ، ف ، ک ) تەمەنیان لە نێوان 20-25 ساڵدایە، دانیشتوی هەرێمی کوردستانن، ئامێرەکانیان لە ناوەڕاست و باشوری عێراق هێناوە و هەوڵیانداوە لە ڕێگای ئۆنلاینەوە ئامێرەکانیان ساغبکەنەوە.

فریو نەدرێن بەو دەنگۆیانەی باس لە فرۆشتنی پرسیاری تاقیکردنەوەکانی کۆتایی پۆلی 12 دەکەن

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "ئاسایش دڵنیایی دەداتە سەرجەم خوێندکاران، هۆشیاربن و فریو نەدرێن بەو دەنگۆیانەی باس لە فرۆشتنی پرسیاری تاقیکردنەوەکانی کۆتایی پۆلی 12 دەکەن، هەروەها بەدوربن لەهەر ئامێرێکی قۆپیکردن، لە پێناو بە دیهێنانی کەشێکی ئارام و تاقیکردنەوەیەکی سەرکەوتو".

نیشانەکردن

ئاسایش