ژنێک بەهۆی دۆزینەوەی 500 کرۆن، بەپارەیەکی زۆر سزادەدرێت

07:03 - 01/06/2023

11605جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ژنێک لە شاری یۆنشۆپینگی سویدی پاش ئەوەی هەوڵیدا ئەو 500 کرۆن (46 دۆلار)ەی دۆزیویەتیەوە رادەستی پۆلیسی بکات تا بگەیەندرێتەوە دەستی خاوەنەکەی، لەلایەن دادگاوە بەسزای 13 هەزار و 800 کرۆن (700 دۆلار) سزادرا.

بەگوێرەی کەناڵی ناوخۆیی سوید، لە سەرەتای مانگی (ئازار/3)ی ئەمساڵ ژنێک لە شاری یۆنشۆپینگ بڕی 500 کرۆنی دۆزیوەتەوە، بەڵام هەرئەوکات پارەکەی رادەستی پۆلیس نەکردوە و هیچ لایەنێکی پەیوەندیداری ئاگادارنەکردۆتەوە کە ئەو پارەیەی دۆزیوەتەوە، لە 15ی (ئایار/5) چوەتە بنکەیەکی پۆلیس و وتویەتی، "من 500 کرۆنم دۆزیوەتەوە"، پاشان ژنەکە دادگاییکراوە.

مەودای نێوان دۆزینەوەی پارەکە و رادەستکردنی بە پۆلیس زۆر دورودرێژ بوە
بە گوێرەی داواکاری گشتی یۆنشۆپینگ مەودای نێوان دۆزینەوەی پارەکە و رادەستکردنی بە پۆلیس زۆر دورودرێژ بوە، بۆیە ئێستا دادگا بڕیاریداوە بە پێبژاردنی ئەو ژنە بەبڕی 13 هەزار و 800 کرۆن.
 ئەو ژنە غەرامە کراوە، چونکە مانگ و نیوێک چاوەڕێی کردوە بۆئەوەی دراوەکە ڕادەستی پۆلیس بکات

پەخشی ڕادیۆی گشتی ناوچەیی P4 Jönköping بڵاویکردەوە، ئەو ژنە غەرامە کراوە، چونکە مانگ و نیوێک چاوەڕێی کردوە بۆئەوەی دراوەکە ڕادەستی پۆلیس بکات، داواکاری گشتیش تۆمەتباریکردوە، بە نەگەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی ونبو.

بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگای یۆنشۆپینگ، ئەو ژنە رۆژانە 30 کرۆن دەدات تاوەکو کۆی گشتی پێبژاردنەکەی کە 13 هەزار و 800 کرۆنە تەواو دەکات.

 
بەگوێرەی یاساکانی سوید، کەسێک کە موڵکی ونبو دەدۆزێتەوە، دەبێت "بەبێ دواکەوتن، ڕادەستی پۆلیسی بکات"، یاساکە بە ڕونی باس لەوە نەکراوە کە ئەوە مانای چییە، بەڵام دواکەوتنی نزیکەی هەفتەیەک بەزۆری وەک شتێکی گونجاو و ئاسایی تەماشا دەکرێت.

نیشانەکردن

سويد