هەدەپە: سەردەمێکی نوێ دەستیپێکردوە

03:22 - 01/06/2023

2978جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، دوای هەڵبژاردن دەستیان بە پرۆسەی رەخنەلەخۆگرتن و پێداچونەوە کردوە، دەشڵێت، "بانگەوازی ئێمە بۆ هەمو دۆستانی حزبەکەمان ئەوەیە با بە پرۆسەیەکی ڕاستەقینەی ڕەخنەلەخۆگرتندا تێپەڕین، بە هەمو ئیرادەیەکمانەوە بۆ سیاسەت کۆببینەوە و بە مۆڕاڵێکی زۆرەوە بچینە کۆنگرە، سەردەمێکی نوێ بۆ ئێمە دەستیپێکردوە".
 
ئەبرو گونەی، وتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) سەبارەت بە پڕۆسەی داڕشتنەوەی بەرنامەی کار لە بارەگای گشتی هەدەپە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و رایگەیاند، "هەم لەڕوی سیاسەتی وڵات و هەم لەڕوی چالاکییەکانی حزبەوە سەردەمێکمان لە دواوە بەجێهێشتوە، لە دوای هەڵبژاردن دەستمان بە پرۆسەی هەڵسەنگاندن کرد، چەندین کۆبونەوە ئەندامدران، باس لەوەکرا کە هەڵسەنگاندنی دوای پڕۆسەی هەڵبژاردن لەژێر چ سەردێڕێکدا ئەنجام دەدرێت و بە چ شێوازێک بەردەوام دەبێت".

ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە کە میکانیزمی ڕەخنەلەخۆگرتن کار بکات و خۆمان بۆ سەردەمی نوێ ئامادە بکەین
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە کە میکانیزمی ڕەخنەلەخۆگرتن کار بکات و خۆمان بۆ سەردەمی نوێ ئامادە بکەین، دوای تەواوبونی کۆبونەوەکان، لەگەڵ گەلەکەمان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی شار و قەزاکانمان کۆبونەوە ئەنجام دەدەین، پرۆسەکەش لە هەمو لایەکەوە هەڵدەسەنگێندرێت، دو ئامانجی سەرەکیمان هەیە، یه‌که‌م، کەس لە کەموکوڕی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا نەمێنێتەوە و هاوکات میکانیزمی ڕەخنەلەخۆگرتن چالاک بکرێت و لە هەڵە و کەموکوڕییەکانەوە فێرببین".
 تاکە ئامانجمان باشترکردنی تواناکانمان و خۆبەرەو پێشبردنمانە
وتەبێژی هەدەپە دەڵێت، "تاکە ئامانجمان باشترکردنی تواناکانمان و خۆبەرەو پێشبردنمانە، بەهۆی پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە، پڕۆسەی گەورەی کۆنفرانس کۆنگرەمان دواخست و بەمەش ئێستا ئەو پڕۆسەیە دەستپێدەکاتەوە، ئێمە بەم باس و هەڵسەنگاندنانە پرۆسەی ناوەڕۆکی کۆنفرانس و کۆنگرە دادەڕێژین، بە دڵنیاییەوە ڕێگایەک بۆ کۆنفرانس و کۆنگرە گەورەکە لەگەڵ گەل و ئەندام و ڕێکخراوەکانمان دروست دەکەین".
 با بە پرۆسەیەکی ڕاستەقینەی ڕەخنەلەخۆگرتندا تێپەڕین، بە هەمو ئیرادەیەکمانەوە کۆببینەوە
ئەوەشی خستەڕو، "بانگەوازی ئێمە بۆ هەمو دۆستانی حزبەکەمان ئەمەیە؛ با بە پرۆسەیەکی ڕاستەقینەی ڕەخنەلەخۆگرتندا تێپەڕین، بە هەمو ئیرادەیەکمانەوە کۆببینەوە و بە مۆڕاڵێکی زۆرەوە بچینە کۆنگرە، ئەمە ئامانجی ئێمەیە، هەمو ئەو لایەنانەی ئێمە کە دەیانەوێت بەشێک بن لە پڕۆسەی نوێ، پێویستە بچنە ناو پڕۆسەی خۆ بنیاتنانەوە و خۆ ڕەخنەگرتنەوە، تازە سەردەمێکی نوێ بۆ ئێمە دەستی پێکردوە".
  وادەی کۆنگرە گەورەکە دوای گفتوگۆکانمان لەگەڵ گەلەکەمان یەکلایی دەکەینەوە
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی "کەی کۆنگرەی گەورە دەبەسترێت؟" گونەی لە وەڵامدا وتی، "وادەی کۆنگرە گەورەکە دوای گفتوگۆکانمان لەگەڵ گەلەکەمان یەکلایی دەکەینەوە، بەپێی چاوەڕوانی و خواستی خەڵک گەشە دەکات، لە ماوەیەکی کورتدا بەو پرۆسانەدا تێدەپەڕین، هێڵی خەبات پەرەپێدەدەین و لەسەر ڕێبازی سیاسەتی دیموکراسی هەنگاو دەنێین".