خەندان-
وەهاب هەڵەبجەیی، بەرپرسی فەرماندەی دژە تیرۆر (CTG) رایگهیاند، هەموان شاهێدی ئەوە دەدەن کە یەکێتی زۆری پێشکەش بە کاروانی خەباتی کورد کردوە و زۆری دیکەش لە هەگبەی یەکێتی و سەرۆکەکەیدایە هەن تا پێشکەشی خەڵکی بکەن.
وەهاب هەڵەبجەیی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پەیامێکدا بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی، رایگەیاند، "بەر لە 48 ساڵ، سەرۆک مام جەلال و پۆلێک لە هەڤاڵانی، وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بارودۆخی کوردستان دوای هەرەسی شۆڕش، بە گڕوتینێکی مەزنەوە یەکێتییان ڕاگەیاند، یەکێتیی لە دامەزراندنیەوە تا ئێستا هێزێکی کاریگەر و وەرچەرخێنەری مەیدانی خەبات و کوردایەتی بوە، هەڵگرسێنەری دو شۆڕشی گرنگی گەلەکەمان و ئەندازیاری پشت دامەزراندنی یەکەم حکومەتی کوردیی دانپێدارابو بوە".
یەکێتیی زۆری پێشکەش بە کاروانی خەباتی کورد کردوە و زۆری دیکەش لە هەگبەی یەکێتی و سەرۆکەکەیدایە
ئاماژەی بەوەشکردوە، "هەموان شاهێدی ئەوە دەدەن کە یەکێتیی زۆری پێشکەش بە کاروانی خەباتی کورد کردوە و زۆری دیکەش لە هەگبەی یەکێتی و سەرۆکەکەیدایە هەن تا پێشکەشی خەڵکی بکەن، بۆیە هیوادارم سەرکردە و بەرپرسانی باڵای یەکێتی لەم یادەدا هەنگاو بنێن بەرەوە زیاتر نزیکبونەوە لەو جەماوەرەی کە خۆرسکانە نزیک بە نیو سەدەیە بوونەتە پاڵپشت بۆ یەکێتییەکەمان".
دەست بە سنگەوە دەگرین بۆ ئەو قارەمانانە و بێ سڵەمینەوە لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە ڕەواکاندا شەهیدبون
وەهاب هەڵەبجەیی هەروەها دەڵێت، "دەست بە سنگەوە دەگرین بۆ ئەو قارەمانانە و بێ سڵەمینەوە لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە ڕەواکانی کوردا لەچوارچێوەی یەکێتیدا شەهیدبون و بەڵێنیان پێدەدەین درێژەپێدەری خەباتەکەیان دەبین".
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە 1ی (حوزەیران/6)ی 1975دا دامەزرا لەکاتێکدا، کە پێکهاتبون لە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و شۆڕشگێڕان، چینی خوێندەوار و ڕۆشنبیر پاڵپشتی سەرەکی یەکێتیی بون لە کوردستانی عێراق، لە بنەڕەتدا پارتەکە زیندوترین جوڵانەوەی سیاسی بو کە وردەوردە بەرەو ھاتە ناوەڕاستی مەیدانەکەوە و ئێستاش بو بە پارتێکی سۆشیال دیموکرات و ئەندامە لە سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ.