ژمارەی منداڵانی ئیشکەر لە سلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان ئاشکرا دەکرێت

10:22 - 01/06/2023

2158جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بەپێی سەرژمێرێیەک کە لە پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان ئەنجامدراوە هەزار و 466 منداڵ ئیش دەکە، دەشڵێت، "بەرنامەمان دەبێت بۆ ئەوەی چۆن بتوانین ئەو رێژەیە دابەزێنین و چاودێری ئەو منداڵانە بکەین کە لەشوێنی کارەکانیان نەچوسێنرێنەوە".

کوێستان محەمەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ پێنجشەممە لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە رۆژی منداڵان، رایگەیاند، هێڵی گەرمی 116ی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی بەهاوکاری رێکخراوی خێرخوازی روانگە و قائیمقامیەتی سلێمانی سەر ژمێریەکی لەبارەی ئەو منداڵانەی کە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کاردەکەن ئەنجامداوە و دواتریش هەمان بەرنامە لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە سلێمانی هەزار و 10 منداڵ، لە هەڵەبجە  124 منداڵ، لە راپەڕین 121 منداڵ و لە گەرمیان  211 منداڵی ئیشکەر هەن
ئاماژەی بەوەشکرد، لە پارێزگای سلێمانی هەزار و 10 منداڵی ئیشکەر هەن، لە پارێزگای هەڵەبجە 124 منداڵی ئیشکەر هەیە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین 121 منداڵی ئیشکەر هەیە و لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و 211 منداڵی ئیشکەر هەیە، کە کۆی گشتیان هەزار و 466 منداڵی ئیشکەر هەیە کە جێگەی سەرنج و هەڵوێستەکردنە لەسەری.
بەرنامەمان دەبێت بۆ ئەوەی چۆن بتوانین ئەو رێژەیە دابەزێنین 
کوێستان محەمەد وتیشی، "بەرنامەمان دەبێت بۆ ئەوەی چۆن بتوانین ئەو رێژەیە دابەزێنین و چاودێری ئەو منداڵانە بکەین کە لەشوێنی کارەکانیان نەچوسێنرێنەوە و مافەکانیان پێشێل نەکرێت".