خەندان-
لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، نیگەرانە لەوەی کە لی چانگفوی هاوتا چینییەکەی لەم هەفتەیەدا رەتیکردوەتەوە لە سەنگافور لەگەڵیدا کۆببێتەوە، چینیش دەڵێت، پێویستە لە گفتوگۆکاندا ئەو تەوەرانە باسبکرێن کە جێگەی نیگەرانی پەکینە.
لۆید ئۆستین لە سەردانێکیدا بۆ تۆکیۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، "پێموایە ئەوە جێگەی داخە" کە لی چانگفوی هاوتا چینییەکەی رەتیکردوەتەوە لەگەڵیدا کۆببێتەوە، هۆشداریشیدا لەوەی لەدوای مانۆڕێکی شەڕانگێزانەی فڕۆکەیەکی جەنگی چین لە نزیک فڕۆکەیەکی ئەمریکی زیاتر نیگەران بون لە ئەگەری روداوێک کە ئەگەری هەیە "بە خێرایی لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەربچێت".
فڕۆکەیەکی شەڕکەری چینی لە نزیک فڕۆکەی جۆری RC-135ی ئەمریکی مانۆڕێکی شەڕانگێزی ئەنجامداوە
ئەمریکا دو رۆژ لەمەوبەر
رایگەیاند، فڕۆکەیەکی شەڕکەری چینی لە نزیک فڕۆکەی جۆری RC-135ی ئەمریکی بەسەر دەریای باشوری چیندا مانۆڕێکی "شەڕانگێزی ناپێویست"ی ئەنجامداوە.
پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان چین و ئەمریکا زۆر گرنگە
وەزارەتی بەرگری چین ڕایگەیاندبو، پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان چین و ئەمریکا زۆر گرنگە، هەروەها پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی نێوان هەردو سوپا نەپچڕاوە.
ئەو سەختییانەی ئێستا لەبەردەم ئاڵوگۆڕی نێوان هەردو سوپا لە لایەنی ئەمریکاوە سەرچاوە دەگرێت باسبکرێن
سەبارەت بە رەتکردنەوەی پێشنیاری ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەی نێوان وەزیرانی بەرگریی هەردو وڵات لە سەنگافورە لە پەراوێزی کۆڕبەندی "شەنگریلا" بۆ ئاسایشی ناوچەکە، کە لە 2 تا 4ی حوزەیران بەڕێوەدەچێت، تان کیفێی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری چین رایگەیاند، "دیالۆگەکە دەبێت پرەنسیپی هەبێت، ئەو سەختییانەی ئێستا لەبەردەم ئاڵوگۆڕی نێوان هەردو سوپا لە لایەنی ئەمریکاوە سەرچاوە دەگرێت کە نیگەرانییەکانی پەکین پشتگوێ دەخات و ئاستەنگ دروست دەکات بکرێتە تەوەری گفتوگۆکان".