خەندان-
دیمەنێکی ڤیدۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، کە تیایدا کەسێک هاوشێوەی یاریزانی کیک بۆکسێن بە توندی ئەشکەنجەی هاوڵاتییەکی دیکە دەدات کە هەڵیواسیوە.
هەرچەندە تائێستا هێزە ئەمنییەکان رونکردنەوەیان لەبارەی روداوەکە نەداوە و دیارنیە لە چ ناوچەیەکی عێراق تۆمارکراوە، بەڵام بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێت، "دەوترێت لە شاری بەغدا تۆمارکراوە و داوا لە هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ دەکەین ئەو کەسەی ئەشکەنجەی هاوڵاتییەکە دەدات دەستگیری بکەن".
هاوڵاتییەکە لە بەتانییەک پێچراوە و سەرەخوار هەڵواسراوە
وەک لە ڤیدیۆکەدا گوێبیستی دەبین، هاوڵاتییەکە لە بەتانییەک پێچراوە و سەرەخوار هەڵواسراوە، دوای ئەوەی بە بۆکس لێی دەدات بە دەنگی بەرز هاوار دەکات و بە دەنگ و گریانیدا دیارە کە بۆ ماوەیەکی زۆرە ئەشکەنجە دەدرێت.
دەوترێت ئەم کەسە خەڵکی بەغدایە، ئەم کەسانە پێویستیان بە چارەسەری دەرونی چڕ هەیە
یەکێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوسیویەتی، "دەوترێت ئەم کەسە خەڵکی بەغدایە، تاوانکاری و دڕندەیی بۆ هەندێک زۆر مەترسیدارە؛ ئەم کەسانە پێویستیان بە چارەسەری دەرونی چڕ هەیە، سوێند بەخوا دڵم ئازاری هەبو کاتێک ڤیدیۆەکەم بینی".