کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڵوێستی لەبارەی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی هەرێم راگەیاند

07:00 - 31/05/2023

6749جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق میوانداری سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کۆمسیاران و ستافی تەکنیکی کۆمسیۆنیان کرد، باس لە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوی پارێزگاکان کرا، کۆمسیۆن دەڵێت، ناتوانن هەردو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لە یەککاتدا ئەنجام بدەن.

پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لیژنەی یاسایی ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کۆمیسیاران و ستافی تەکنیکی پێشکەوتوی کۆمسیۆنیان کۆبوەوە، لە کۆبونەوەکەدا باس لە ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کرا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوی پارێزگاکان.

جەخت لە پێویستی راگەیاندنی خێرای ئەنجامەکان کرایەوە
لایخۆیەوە لیژنەی یاسایی کۆمەڵێک پرسیاری سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتو بەتایبەتی هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگاکان خستەڕو، جەختی کردەوە پێویستە خێراتر ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردن رابگەیەنرێت کە لە ماوەی 24 کاتژمێر زیاتر نەبێت.
کۆمسیۆن دەستیکردوە بە دانانی خشتەی کارگێڕی کە دڵنیایی دەدات لە بەردەوامیی پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری
سەرۆک و ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پێداچونەوەیان بە کار و ئامادەکارییەکانی کرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، ئاماژەیان بەوەدا کە کۆمسیۆن دەستیکردوە بە دانانی خشتەی کارگێڕی کە دڵنیایی دەدات لە بەردەوامیی پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری بۆ دەنگدەران و تۆمارکردنی هاوپەیمانی و کاندیدەکان.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان جەختی لەسەر دیاریکردنی وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کردەوە
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەختی لەسەر دیاریکردنی وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کردەوە، کە بڕیارە لە 20ی 12ی 2023 بەڕێوەبچێت، کە کۆی گشتی دەنگدەران 27 ملیۆن کەسە و تائێستا 17 ملیۆن کەس خۆیان لە سیستمی بایۆمەتر تۆمارکردوە و 9 ملیۆن کەسیش خۆیان تۆمارنەکردوە.
ناتوانن لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدەن
پەیوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ناتوانن لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدەن، چونکە لەڕوی تەکنیکییەوە پێویستی بە کات هەیە.