خەندان-
تا ئێستا بەفەرمی رێكەوتنی كۆتایی سەبارەت بەپشكی هەرێم لەناو پرۆژەیاسای بودجەی 2023 نەكراوە، پەرلەمانتارێكیش رایدەگەیەنێت، ئەگەر بەمشێوەیەی ئێستا پرۆژەیاسای بودجە تێپەڕێندرێت، كێشەی گەورە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروستدەبێت.
سەرچاوەیەكی ئاگادار كە پێی باش نەبو ناوی بهێندرێت بە خەندان-ی راگەیاند، شەوی رابردو كۆبونەوەیەك لەنێوان شاندێكی حكومەتی هەرێم و چوارچێوەی هەماهەنگی (شیعەكان) كراوە تایبەت بە پڕۆژە یاسای بودجە، هەردولا كۆكبون لەسەر تێپەڕاندنی ئاستەنگ و گرفتەكانی بەردەم پرۆژەیاسای بودجە.
لەناو لیژنەی دارایی دەستكاری پشكی هەرێم كراوە
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشكرد، لەكۆبونەوەكەدا دوای ئەوەی باس لە پشكی هەرێمی كوردستان لەناو پرۆژەیاسای بودجە كراوە و شاندی هەرێمیش نیگەرانی لەوبارەیەوە دەربڕیوە كە پێچەوانەی رێكەوتنی نێوان هەردو حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێم لەناو لیژنەی دارایی دەستكاری پشكی هەرێم كراوە، جۆرێك لەلێكتێگەیشتن هاتوەتە ئاراوە بۆئەوەی لە لیژنەی دارایی هەمواری بڕگەكانی 13 و 14ی پرۆژەیاسای بودجە بكرێت، چوارچێوەی هەماهەنگیش بە بەشێك لەو داواكاریانەی شاندەكەی هەرێم داوایانكردوە رازی بون.
یەكێتی سورە لەسەرئەوەی كە دو بڕگە لەناو پرۆژەیاسای بودجە جێگیربكرێن
لەلایەكی دیكەشەوە و بەوتەی سەرچاوەیەك لە فراكسیۆنی یەكێتی كە بۆ خەندان قسەی كردوە، یەكێتی سورە لەسەرئەوەی كە دو بڕگە لەناو پرۆژەیاسای بودجە جێگیربكرێن، یەكەمیان دیاریكردنی رێژەیەك بۆ دانەوەی پاشەكەوتی موچە، هەروەها بڕگەی تایبەت بەوەی پارێزگای ناڕازی دەتوانێت ناڕازیبونی خۆی دەرببڕێت، ئەوكات بەغدا بەشە بودجەی ئەو پارێزگایە بەجیا لەهەرێمی كوردستان بنێرێت.
تا ئێستا رێكەوتنی تەواوەتی نەكراوە، ئەوەی هەیە گفتوگۆ و دانوستانی بەردەوامە
ئەو سەرچاوەیە رونیشیكردەوە، "تا ئێستا رێكەوتنی تەواوەتی نەكراوە، ئەوەی هەیە گفتوگۆ و دانوستانی بەردەوامە بۆئەوەی بڕێك لەبودجەی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان بەمەبەستی دانەوەی پاشەكەوت تەرخانبكرێت، لەهەمانكاتیشدا ژمارەیەك كۆت و بەند كە دیاریكراون بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان لاببرێن".
سۆران عومەر سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لەپەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، تاوەكو ئێستا هیچ رێكەوتنێكی كۆنكرێتی لەنێوان لایەنەكان نەكراوە سەبارەت بە پشكی هەرێم و بەدیاریكراویش ماددەكانی 13 و 14ی پرۆژەیاسای بودجە، گفتوگۆی بەردەوامیش هەیە تا بگەنە لێكتێگەیشتن.
رێكنەكەوتنی كۆتایی پەیوەندی بە ململانێ و ناكۆكی نێوان یەكێتی و پارتیەوە هەیە
وتیشی، "رێكنەكەوتنی كۆتایی لەسەر بڕگەكانی 13 و 14ی پرۆژەیاسای بودجە پەیوەندی بە ململانێ و ناكۆكی نێوان یەكێتی و پارتیەوە هەیە".
لەبارەی دیاریكردنی رێژەیەك لەناو پرۆژەیاسای بودجە بۆ گێڕانەوەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران، بەبێ تەرخانكردنی پارە حكومەتی هەرێم ناچێتە ژێر باری دانەوەی قەرزی پاشەكەوتی موچە، كۆی گشتی پرۆژەكەش ئەگەر بەمشێوەیە بڕوات گرفت بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروستدەبێت".
هاوكات، خەندان پەیوەندی بە ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق كرد، بەڵام ناوبراو ئامادە نەبو هیچ زانیاریەك لەبارەی هەوڵ و هەنگاوەكان بۆ رێكەوتن لەگەڵ بەغدا بخاتەڕ و راشیگەیاند، "من ناتوانم هیچ قسەیەك بكەم".
، هەردو ماددەی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 كە شەوی پێنجشەممەی رابردو لەلیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندكران، مشتومڕی زۆریان بەدوای خۆیدا هێنا و نوێنەرانی پارتی و یەكگرتوی ئیسلامیش لە لیژنەكە كشانەوە، فراكسیۆنی یەكێتیش دەنگیپێدا.