بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی کاردانەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت

11:48 - 31/05/2023

6214جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رێزان شێخ دلێر ئەندامی خولی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان ناتوانێت بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی جێبەجێ نەکات و لەبەرامبەریشدا دانان جەزا کاتب پەرلەمانتاری پێشوی پارتی لە بەغدا دەڵێت، " من بڕواناکەم‌ هەمو ئەو بڕیارانەی پێشتر دراون هەڵبوەشێنرێنەوە، دەبوایە هەندێک وردەکاری لە بڕیارەکەدا هەبوایە و ئەم دادگایە خوێندنەوەیەکی واقعی هەبوایە".

پارێزەر ڕێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری پێشوی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمریکای رایگەیاند، "بەدڵنیاییەوە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی‌ عەیبەیە بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە ئێستا لە حکومەتی فیدڕاڵدا ئەنجومەنی نوێنەران لە خولی پێنجەمیدایە کە دەزانین لەو کاتەوەی ئەو پەرلەمانە پێکهاتوە پێنج خولی بردۆتەسەر، کەچی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992 وە پەرلەمانمان هەیە وا ئێستا لە پێنج خولدایە، کەواتە ئەم هەمو ماوە درێژکردنەوە بوە بە عادەتێک لە هەرێمی کوردستاندا".

ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی عێراق دەرهاویشتەی نەکردنی هەڵبژاردن و دەرهاویشتەی نەبونی دەستورە 

هاوکات، دانا جەزا کاتب پەرلەمانتاری پێشوی پارتی لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوەکردوە، "ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی عێراق دەرهاویشتەی نەکردنی هەڵبژاردن و دەرهاویشتەی نەبونی دەستورە کە وەهای لێهاتوە هەندێک لایەن پەنا ببەنە بەر دادگای فیدراڵی عێراق کە بڕیارەکانی کۆتاییە (بات)ە".

هەڵوەشانەوەی هەمو ئەو یاسا و بڕیارانەی لێدەکەوێتەوە کە لە دوای ڕێکەوتی 6ی مانگی یازدەی ساڵی 2022وە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچون

لەلایەکی دیکەشەوە، دەریا محەمەد، شارەزای بواری یاسای دەستوری لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمریکا ئاماژەی بەلێکەوتە یاساییەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق کردوە و ئەوەیخستۆتەڕو، "هەڵوەشانەوەی هەمو ئەو یاسا و بڕیارانەی لێدەکەوێتەوە کە لە دوای ڕێکەوتی 6ی مانگی یازدەی ساڵی 2022وە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچون، گرنگترینیان یاسایی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان".

پەرلەمانی کوردستان ماوەی کارکردنی کۆتایی هات و ناتوانێت هیچ دانیشتن و کۆبونەوەیەکی تر ئەنجامبدات

ئەو پسپۆڕەی یاسای دەستوری دەشڵێت، "پەرلەمانی کوردستان ماوەی کارکردنی کۆتایی هات و ناتوانێت هیچ دانیشتن و کۆبونەوەیەکی تر ئەنجامبدات، چ لە ڕوە چاودێریەکەیەوە و چ لە ڕوە تشریعییەکەی، حکومەتی هەرێمیش بە حکومەتێکی کاربەڕێکەر دادەندرێت، چونکە ماوەی ئەو پەرلەمانە کۆتایی هاتوە کە شەرعیەتی بەم حکومەتە داوە."

هەمو ئەو پەرلەمانتارە نوێیانەی دەستبەکاربون لە جێگایی ئەو پەرلەمانتارانەی دەستیان لەکار کێشایەوە، بە پەرلەمانتار داناندرێن

دەریا محەمەد ئەوەی رونکردۆتەوە، "هەمو ئەو پەرلەمانتارە نوێیانەی دەستبەکاربون لە جێگایی ئەو پەرلەمانتارانەی دەستیان لەکار کێشایەوە، بە پەرلەمانتار داناندرێن و ناتوانن خۆیان وەک پەرلەمانتار بناسێنن."

"وەک (ازعف الایمان) حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لەکارەکانی

لای خۆشیەوە دانا جەزا سەبارەت بە لێکەوتەکانی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق رایگەیاندوە، "وەک (ازعف الایمان) حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لەکارەکانی بەڵام پەرلەمان لە ژێر پرسیاردایە."

هەروەها ڕێزان شێخ دلێر دەڵێت، "لە دوای 6 ی مانگی (تشرینی دوەم/11)ی ساڵی ڕابردوە پەرلەمانیان درێژکردۆتەوە بە نایاسایی لە دوای ئەو ڕۆژەوە هەر بڕیارێک دەرچوبێت لە حکومەت و لە سەرۆکایەتی هەرێمەوە کە پەیوەست بێت بەم ماددە سەرەکیانەوە بۆ دیاریکردنی ڕۆژی پەرلەمان و کاراکردنەوەی پەرلەمان و دەرچونی هەر یاسایەک هەمو ئەوانە هەڵدەوەشێنەوە".

 دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لە دوای بڕیاری درێژکردنەوەی خولی پەرلەمانی عێراق بوە

وتیشی، "پێویستە سەرۆکی هەرێم جارێکی تر ڕۆژێکی تر بۆ هەڵبژاردن دیاری بکاتەوە، چونکە دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لە دوای بڕیاری درێژکردنەوەی خولی پەرلەمانی عێراق بوە، هەروەها بڕیارەکە دادگای فیدراڵی حکومەتی هەرێمی کردە کاربەڕێکەر و پەرلەمانیش ناتوانێت کار بکات."

من بڕواناکەم‌ هەمو ئەو بڕیارانەی پێشتر دراون هەڵبوەشێنرێنەوە

سەبارەت بەوەی هەرێم دەتوانێت پابەندی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی نەبێت؟، دانا جەزا کاتب لەوبارەیەوە دەڵێت، "ئەم بڕیارە بەو ڕەهاییە قورسە جێبەجێکردنی، ئەمە پێویستی بە هەڵوێستەیەک هەیە لەسەر کۆی بڕیارەکان کە ئایا بڕیارەکانی پەرلەمان چی لێدێت؟ من بڕواناکەم‌ هەمو ئەو بڕیارانەی پێشتر دراون هەڵبوەشێنرێنەوە، دەبوایە هەندێک وردەکاری لە بڕیارەکەدا هەبوایە، دەبوایە ئەم دادگایە خوێندنەوەیەکی واقعی هەبوایە، نەک خوێندنەوەیەکی کۆنکرێتی، بەڵام دەرئەنجام دەبێت هەڵبژاردن بکرێت بۆ ئەوەی شەرعییەت وەربگیرێتەوە."

هاوکات، ڕێزان شیخ دلێر باسی لەوەکردوە، " حکومەتی هەرێم ناتوانێت بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق جێبەجێ نەکات، چۆن حسابی بۆ ناکات؟! ئێمە بینیمان لە فرۆشتنی نەوتدا حکومەتی هەرێم نەیتوانی حساب بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی نەکات کە فرۆشتنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە وەستێنرا."