سمكۆ ئەسعەد: لەڕوی دەستوریەوە شەرعیەتی هەرێم دو مانگی ماوە

11:38 - 31/05/2023

7498جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سمكۆ ئەسعەد پارێزەر و توێژەری یاسایی رایدەگەیەنێت، ئێستا هەرێمی كوردستان نەكەوتۆتە بۆشایی دەستوری تەواوەوە، بەڵام یەكێك لە سێ بنچینە سەرەكیەكەی هەرێم كە دەسەڵاتی یاسادانانە بەهەڵوەشاوە دانراوە و دەشڵێت، "دەبێت سەرۆكی هەرێم لەماوەی 60 رۆژدا سێ بڕیار دەربكات، یەكێك لەبڕیارەكانیشی دانانی حكومەتی هەرێم بەدەستلەكاركێشاوە و رایسپاردنی بۆ بەڕێكردنی كاری رۆژانەی هاوڵاتیان و دامودەزگا گشتیەكان".

سمكۆ ئەسعەد پارێزەر و توێژەری یاسایی لە لێدوانێكدا بە خەندان-ی راگەیاند، "ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی كە لە 30ی ئەم مانگە دەرچو جگە لە بڕگە بڕیارەكەی كە باس لەهەڵوەشاندنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان دەكات، ناوەڕۆكی بڕیارەكە بناغەیەكی توند و تۆكمەی داناوە بۆ تێگەیشتن لە مافی هاوڵاتی لەبەشداریكردنی سیاسی و حوكمڕانی و تێگەیشتنێكی باشتر لە دیموكراسی لەژێر سایەی یاسادا كە لایەنەكانی دەوڵەت و حوكمڕانی پابەند دەكات پێوەی".

سەرۆكی هەرێم لەبەر رۆشنایی بڕگەی دوەمی ماددەی 64 لەسەریەتی، ئەوەی ماوە لە قەوارەی هەرێم بیپارێزێت

وتیشی، "ئەم بڕیارە كە دەرچوە هەرێمی كوردستان دەخاتەبەردەمی كۆتاییهاتنی شەرعیەتی دەسەڵاتەكانی دیكەی بەپێی دەستوری عێراق، بەهۆكاری ئەوەی هەرێمی كوردستان دەستوری نیە، دەبێت بۆ تێگەیشتن و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە پەنا ببەینەوە بەر دەستوری عێراق، بۆئەو مەبەستە دەبێت بچینە بڕگەی دوەمی ماددەی 64ی دەستور، كە باس لەهەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و رۆڵی حكومەت دەكات، ئەو بڕگەیە رۆڵەكەی سپاردوە بەسەرۆك كۆماری عێراق بەلەجێدانان، بۆ هەرێمی كوردستان ئەو رۆڵە دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆكی هەرێم، واتە سەرۆكی هەرێم لەبەر رۆشنایی بڕگەی دوەمی ماددەی 64 لەسەریەتی، ئەوەی ماوە لە قەوارەی هەرێم بیپارێزێت".

لەبەر رۆشنایی ئەو ماددەیە پێویستە سەرۆكی هەرێم بڕیارێكی سەرۆكایەتی دەربكات

سەبارەت بەرۆڵی سەرەكی هەرێم، سمكۆ ئەسعەد باسی لەوەكردوە، "لەبەر رۆشنایی ئەو ماددەیە پێویستە سەرۆكی هەرێم بڕیارێكی سەرۆكایەتی دەربكات، بەدانپێدانانی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، لەبەر رۆشنایی ئەو ماددەیەش ماوەی 60 لەبەركاربونی بڕیارەكەوە بانگەشە بۆ هەڵبژاردن بكات، نوسراو ئاڕاستەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكات بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە بە ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە، بڕگەی دوەمی فەرمانە سەرۆكایەتەكە دەبێت حكومەتی ئێستای هەرێم بەدەستلەكاركێشاوە دابنێت، رایبسپێرێت بۆ بەڕێكردنی كاری رۆژانەی هاوڵاتیان و دامودەزگا گشتیەكانی هەرێم، بڕگەی سێیەمی بڕیاری سەرۆكایەتیەكە دەبێت داوا لەدەسەڵاتی دادوەری هەرێم بكات چاودێری و سەرپەرشتی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بكات لەبەرئەوەی پەرلەمانی هەرێم بونی نەماوە بۆ چاودێریكردن".

حكومەتی كاربەڕێكەر بۆی نیە هیچ بڕیارێك لەبارەی رێكەوتننامە و قەرز و دانانی پلەی باڵا لەحكومەتدا بدات

لەبارەی ئەركەكانی حكومەتی كاربەڕێكەر لەڕوی یاساییەوە، سمكۆ ئەسعەد دەڵێت، "بۆ تێگەیشتن لەم چەمكە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ژمارە 121ی ساڵی 2022 كە لە 15ی (ئایار/5)ی 2022 دەرچوە، بەگشتی باس لەئەركەكانی حكومەتی كاربەڕێكەر دەكات، گرنگترین سەرهێڵەكانی ئەوەیە، حكومەتی كاربەڕێكەر بۆی نیە هیچ بڕیارێكی چارەنوسساز كە رەهەندی سیاسی و ئابوری و ئاستی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەیە دەربكات، هەروەها حكومەتی كاربەڕێكەر بۆی نیە هیچ بڕیارێك لەبارەی رێكەوتننامە و قەرز و دانانی پلەی باڵا لەحكومەتدا بدات، سێیەم ئەركی سەرەكی ئەو حكومەتە كاربەڕێكەرە بریتیە لەجێبەجێكردنی فەرمانی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ ئاسانكردنی رێكارەكانی بەئەنجامدانی هەڵبژاردن بەبێ دەستوەردان، پەلەكردن لەكۆبونەوەی پەرلەمانی هەڵبژێردراوی داهاتو".

ئێستا هەرێمی كوردستان نەكەوتۆتە بۆشایی دەستوری تەواوەوە

سمكۆ ئەسعەد ئەوەشی رونكردەوە، "ئێستا هەرێمی كوردستان نەكەوتۆتە بۆشایی دەستوری تەواوەوە، بەڵام یەكێك لە سێ بنچینە سەرەكیەكەی هەرێم كە دەسەڵاتی یاسادانانە بەهەڵوەشاوە دانراوە، دوای دو مانگی دیكە دەسەڵاتی جێبەجێكاریش بەسەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران بەهەڵوەشاوە دادەنرێن ئەگەر لەماوەی 60 رۆژدا سەرۆكی هەرێم بانگەشە بۆ هەڵبژاردن نەكات، بەپێیەی تەمەنی شەرعیەتی سەرجەم دامودەزگاكانی هەرێم دو مانگیان ماوە و ئەوكاتە بۆشایی یاساییە و دەكەوینە بەر سەروەری بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی عێراق لەهەمو ڕوەكانی جێبەجێكاری و بڕیار و یاسادانان و بوارەكانی حوكمڕانی".