جوتیار عادل: حکومەتی هەرێم داوایکردوە پاشەکەوت هەموی بەسەریەکەوە بدرێتەوە

09:53 - 31/05/2023

6517جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێم داوایکردوە پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران هەموی بەسەریەکەوە بدرێتەوە بە موچەخۆرانی هەرێم نەک بەقیست و دیاریکردنی رێژە و دەشڵێت، " هەرکاتێک کەشێکی ئەرێنی و پەیوەندیەکان لەنێوان هەرێم و بەغدا باش دەبن، گروپێک هەن دەیانەوێت ئەو کەشە تێکبدەن".

جوتیار عادل بە کوردستان 24ی راگەیاندوە، ئەو رێکەوتنەی لەنێوان هەرێم و بەغدا کراوە بریاربو بکرێتە بنەمایەک بۆ پرۆژەیاسای بودجە، بۆیە ئەو گۆڕانکاریانەی کراون پێچەوانەی رێکەوتنەکەن، دەبێت بودجەی عێراق ئیستحقاقی هەردولا زامن بکات.

بەسیاسەتکردنی ئەم بابەتە و بەلاڕێدابردنی لەقازانجی هیچ لایەنێک نیە

وتیشی، "بەسیاسەتکردنی ئەم بابەتە و بەلاڕێدابردنی لەقازانجی هیچ لایەنێک نیە، هەرکاتێکیش کەشێکی ئەرێنی و پەیوەندیەکان لەنێوان هەرێم و بەغدا باش دەبن، گروپێک هەن دەیانەوێت ئەو کەشە تێکبدەن، بەڵام ئەگەر ئیرادەیەکی بەهێز هەبێت هەرێم و بەغدا مکوڕ بن لەسەر کەشە ئەرێنیەکە دەتوانن گرفتەکان تێپەڕێننن".

وەکو حکومەتی هەرێم سورین لەسەر هەڵوێست و جێبەجێکردنی رێکەوتنەکە

ئەوەشیخستەڕو، "وەکو حکومەتی هەرێم سورین لەسەر هەڵوێست و جێبەجێکردنی رێکەوتنەکە، ئەو رێکەوتنەش بەئیرادەیەکی ئازادانە واژۆکراوە و هیچ لایەنێک بەناچاری واژۆی ئەو رێکەوتنەی نەکردوە، وەکو حکومەت جەختی لەسەردەکەینەوە، ئێستاش محەمەد شیاع سودانی لەگەڵئەوەدایە رێکەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێبکرێت و ئیرادە و ویستێکی راستەوخۆی بەهێزی هەیە".

بەردەوام هەوڵمانداوە ئەو پاشەکەوتە بدرێتەوە و بەئەرکی خۆمانی دەزانین کە پاشەکەوتە بگەڕێندرێتەوە بۆ هەمو موچەخۆران

سەبارەت بەپاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران، وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەڵێت، "لەسەرەتای ساڵی 2014ەوە حکومەتی عێراق، بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، بۆیە بەردەوام هەوڵمانداوە ئەو پاشەکەوتە بدرێتەوە و بەئەرکی خۆمانی دەزانین کە پاشەکەوتە بگەڕێندرێتەوە بۆ هەمو موچەخۆران و قەرەبو بکرێنەوە و مافێکی مەشروعی موچەخۆرانی هەرێمە، بەردەوامیش هەوڵمانداوە لەهەمو گەڕەکانی دانوستان نەک تەنها پاشەکەوت بگەڕێندرێتەوە بەڵکو قەرەبوی ئەو کەسانە بکرێتەوە کە لەئەنجامی سیاسەتی چەوتی رژێمی پێشو زیانیان پێگەیشتوە".

چاودێری دیوانی دارایی هەرێم و بەغدا دیاریکراون پاکتاوی ژمێریاری بکەن 

جوتیار عادل رونیشیکردەوە، " ئێمە کارمان لەسەر ئەم بابەتە کردوە هەمو پاشەکەوتەکە بگەڕێندرێتەوە لەچوارچێوەی بودجەی عێراقیدا، دوای پاکتاوی ژمێریاری لە ساڵی 2014ەوە تا ساڵی 2022  بۆیە ئەرکی خۆمانە بەدواداچون بکەین، چاودێری دیوانی دارایی هەرێم و بەغدا دیاریکراون ئەو پاکتاوە بکەن و هەر پارەیەک لەلای حکومەتی عێراق دەبێت بگەڕێندرێتەوە و پارەش ئەگەر لەلای  هەرێم بێت دەدرێتەوە، لەهەمو پرۆژەکانی بودجە ئەمە باسکراوە و پاشەکەوتیش بەسەریەکەوە بدرێتەوە نەک بکرێتە قیست و رێژە".

نیشانەکردن

موچە