خەندان-
سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێم کۆبوەوە و بەڵێنیدا کە بەدواداچون بۆ بابەتی پەیوەست بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران و ساغکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی بکات و وتی، "نابێت جیاوازی لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی تری عیراق بکرێت".
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردوە، محەمەد شیاع سودانی پێشوازی لە کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و لەدیدارێکدا ئەو ئاستەنگ و تەگەرەکانی روبەروی بواری ئاسایشی خۆراک دەبنەوە و دابینکردنی کەلوپەلی پسوڵەی خۆراک لەسەرانسەری عێراق بۆ شایستەکانی باسکران.
بایەخدان بەهاوڵاتیان لەئامانجەکانی سەرویی ئەولەکاریەکانی بەرنامەی حکومەتە
سودانی ئاماژەی بەوەکردوە، بایەخدان بەهاوڵاتیان و پێداویستی ژیان و خزمەتگوزاریەکانیان لەئامانجەکانی سەرویی ئەولەکاریەکانی بەرنامەی حکومەتە، لەپێناو جێبەجێکردنی ئاواتی گەلی عێراق لەتەواوی پارێزگاکان.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەیکرد بەپێویستی گەشەسەندنی کەرتەکانی ئابوری بەرهەمدار بەدەرفەتی کار، و بەگەرخستنی هەوڵەکان لەسەر کەمی ئاوی و کارکردن لەپێناو کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی لەسەر جوتیاران و خاوەن کێڵگەکان، هەروەها ئاماژە بەگرنگی بەردەوامیدا لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتگیریکردنی پلانەکانی حکومەت، و گەشەپێدان بە واقیعی گشتی ئابوری لە عێراق.
بابەتی پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانیان بەوردی تاوتوێ کرد
هاوکات وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردوە، سودانی و کەمال موسلیم چەند پرسێکی تایبەت و هاوبەشی نێوان بەغدا و هەرێمیان تاوتوێ کرد، بابەتی پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانیان بەوردی تاوتوێ کرد و هەروەها پرسی هەناردەکردن و ساغکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی و گارگەکانی هەرێم بۆناوچەکانی دیکە عێراق و دابینکردن بەشە سوتەمەنی پێویست بۆکارگەکانی کوردستان باسکران.
نابێت جیاوازی لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی تری عیراق بکرێت
لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، سەرۆک وەزیرانی عیراق بەڵێنیدا کە بەدواداچون بۆ بابەتەکان بکات و وتی، "نابێت جیاوازی لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی تری عیراق بکرێت".