خەندان-
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە ئێستا هیچ ناکۆکییەک لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەدا نیە کە دەگاتە 12.67%، ناکۆکییەکە لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنی نەوتە، پشکی هەرێم لە بودجەدا 19.5 ترلیۆن دینارە و هەفتەی ئایندە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت پرسی بودجە یەکلایی دەکاتەوە، دەشڵێت، "ئەو بڕگانەی ماددەی 14 کە لە لایەن لیژنەی داراییەوە زیادکراوە پارتی رەتیدەکاتەوە".
موعین کازمی لەلێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، "پارتی دیموکراتی کوردستان داوای لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کردوە سەبارەت بە بودجە فرسەتێک بدات و پەلەنەکرێت، ئەمە هۆکاری دواکەوتنی دانیشتنی پەرلەمان بو بۆ تێپەڕاندنی بودجە".
لە ئێستا هیچ ناکۆکییەک لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەدا نیە کە دەگاتە 12.67%
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستا هیچ ناکۆکییەک لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەدا نیە کە دەگاتە 12.67%، ناکۆکییەکە لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنی نەوتە، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا 19.5 ترلیۆن دینارە، بە پشکی هەرێم لە دەرمان و فۆرمی خۆراک دەگاتە 20 ترلیۆن دینار، چوارچێوەی هەماهەنگی بڕوایوایە کە دەبێت هەرێم پابەند بێت بە بەرهەمهێنانی 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا و کۆمپانیای سۆمۆ نەوتەکە بفرۆشێت.
داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان دەخرێتە هەژمارێکی بانکی لای بانکی ناوەندی عێراقی
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەڵێت، "داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان دەخرێتە هەژمارێکی بانکی لای بانکی ناوەندی عێراقی و دەسەڵاتی خەرجکردن بەپێی بڕیارەکانی بودجە دەدرێتە سەرۆکی حکومەتی هەرێم".
پارتی لەسەر دو خاڵ ناکۆکی هەیە، یەکەمیان نایەوێت ناوی کۆمپانیای سۆمۆ لە بودجەدا بهێنرێت
رونیشیکردوەتەوە، "پارتی لەسەر دو خاڵ ناکۆکی هەیە، یەکەمیان نایەوێت ناوی کۆمپانیای سۆمۆ لە بودجەدا بهێنرێت، دوەمیان دەیەوێت داهاتی نەوت لە هەژمارێکی بانکی هەرێمی کوردستاندا بەبێ ئەوەی بە بانکی ناوەندیدا تێبپەڕێت دابنرێت، هەروەها ئەو بڕگانەی ماددەی 14 کە لە لایەن لیژنەی داراییەوە زیادکراوە پارتی رەتیدەکاتەوە، ئەوانیش گیڕانەوەی موچەی پاشەکەوت، دادپەروەری نێوان پارێزگاکان و رێگریکردنە لە دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی نەینەواو کەرکوک".