خەندان-
وتەبێژی پارتی لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی رایگەیاند، لەکاتی یاسایی و کۆتایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا، "هەمو هەوڵەکانیان خستەگەڕ بۆ بەڕێوەچونی پڕۆسەی هەڵبژاردن لەکاتی یاسایی خۆیدا"، دەشڵێت، "داوا لە هەمو لایەنەکان و هاوڵاتیانی کوردستانیش دەکەین هەریەکە و بە ئەندازەی بەرپرسیاریەتی خۆی هاوکار و ڕێخۆشکەربن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد".
مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ لە رونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، "لای هەمولایەک ئاشکرایە پارتی کە لە کاتی یاسایی و کۆتایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا، هەمو هەوڵەکانی خستەگەڕ بۆ بەڕێوەچونی پڕۆسەی هەڵبژاردن لەکاتی یاسایی خۆیدا، بۆ ئەم مەبەستەش لە کۆبونەوە و سەردانی لایەنەکانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسی داوای هەنگاوی جددی لێکردن بۆ ئامادەکاریەکانی هەڵبژاردن بە گوێرەی تەوقیتاتی یاسایی دیاریکراو".
داوا لە هەمو لایەنەکان و هاوڵاتیانی کوردستانیش دەکەین هەریەکە و بە ئەندازەی بەرپرسیاریەتی خۆی جێبەجێ بکات
ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئێستاش ناگەڕێینەوە بۆ باسکردنی هەنگاوەکان و بە خەمەوەبونمان بۆ پڕۆسەکە، بەڵکو داوا لە هەمو لایەنەکان و هاوڵاتیانی کوردستانیش دەکەین هەریەکە و بە ئەندازەی بەرپرسیاریەتی خۆی هاوکار و ڕێخۆشکەربن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد".
داوا لە حکومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەین هەنگاوی پێویست بهاوێژن
وتەبێژی پارتی دەڵێت، "داوا لە حکومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەین هەنگاوی پێویست بهاوێژن بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە، ئەوەی بۆ پارتی گرنگە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە".
دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە شەشەمین کۆبونەوەی لەبارەی سکاڵای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدا و بڕیاریدا
درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستورییە و هەر کارێکیش پەرلەمان کردبێتی نایاسایە.
ئەو سکاڵایەی ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری لەبارەوەدا لەلایەن د. یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشوی پەرلەمانی کوردستان و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و کاوە عەبدولقادر، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەرەڕای ئەرکەکەی تۆمارکراوە.
تەمەنی پەرلەمان بەدەنگی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان و پێکهاتەکان درێژکرایەوە
تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بەدەنگی پەرلەمانتارانی هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان و پێکهاتەکان تاوەکو 31ی 12ی 2023 درێژکرایەوە، تائێستا پەرلەمانتارانی یەکگرتو و عەلی حەمەساڵح و شایان کاکەساڵح، پەرلەمانتاری دەستلەکارکێشاوەی گۆڕان دەستیان لەکارکێشاوەتەوە و کۆمەڵی دادگەریش نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەشکردوە.