خەندان-
دادگای فیدڕاڵی عێراق لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆبوەوە و بڕیاریدا بە نادەستوریبونی یاسای بەردەوامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان.
دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە شەشەمین کۆبونەوەی لەبارەی سکاڵای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدا و بڕیاریدا درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستورییە و هەر کارێکیش پەرلەمان کردبێتی نایاسایە.
هەمو ئەو دەقانەی کە لە دەستوری هەرێمەکاندا دەنوسرێت بەپوچەڵ هەژمار دەکرێت ئەگەر دژی دەستوری عێراق بێت
بڕیارەکە لەلایەن دادوەر جاسم محەمەد عبود، سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی عێراق خوێندرایەوە و رایگەیاند، "مافی هەڵبژاردن واتا مافی هاوڵاتییبون بۆ ئەوەی ببێتە کاندید یاخود دەنگدەر و هەمو مافە دەستوریەکانیش کە خۆی دەبینێتەوە لە پڕەنسیپەکانی دیموکراسیەت، ئەوەش سیستمی دەستوری عێراق پێوەی بابەندە و لەسەری وەستاوە بۆیە بەپێی ماددەی 13ی دەستوری ساڵی 2005ی عێراق، دەستوری عێراق مافی پابەندبونی داوەتە هەمو ناوچەکان لە هەمو عێراق، ئەوەش وادەکات کە هیچ یاسایەک دابڕێژرێت کە دژی دەستور بێت، بەڵکو هەمو ئەو دەقانەی کە لە دەستوری هەرێمەکاندا دەنوسرێت بەپوچەڵ هەژمار دەکرێت ئەگەر دژی دەستوری عێراق بێت".
دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیاریدا بە نادەستوریبونی یاسای بەردەوامبونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان
ئاماژەی بەوەشکرد، یاسای بەردەوامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 12ی ساڵی 2022 کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچوە کە لە ماددەی یەک و بڕگەی یەکەمی دەڵێت، خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو کۆتایی خولی یاسادانانی پایزەی 2023 بەردەوام دەبێت لە هەمو کارو ئەرکەکانی، ئەمە پێچەوانەی حکومەکانی ماددەی بڕگەی یەکەم و دوەمی و (ڕ) و (ج) هەروەها 5، 6، 13، 14، 15، 16، 20 و 56ی بڕگەی یەکەمی دەستوری عێراقە، بۆیە دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیاریدا بە نادەستوریبونی یاسای بەردەوامبونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە 9ی 10ی ساڵی 2022 دەرچوە".
ماوەی پەرلەمانی کوردستان تەواوبوە و کۆتایی پێهاتوە
سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی عێراق وتیشی، "ماوەی پەرلەمانی کوردستان تەواوبوە و کۆتایی پێهاتوە لەگەڵ کۆتایی پێهاتنی ماوەی یاسایی دیاریکراوی بەپێی ماددەی 51ی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1990ی هەموارکراو، بەپێی ماددەی سێیەم لە یاسای ژمارە 5ی ساڵی 1998 هەروەها یاسای هەمواری ساڵی 1992".
ئەوەی لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچوە لە دوای ئەو ماوە یاساییە بە پوچەڵ هەژمار دەکرێت
ئەوەشی خستەڕو، "ئەوەی لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچوە لە دوای ئەو ماوە یاساییە بە پوچەڵ هەژمار دەکرێت لەڕوی دەستورییەوە و بڕیارەکەش بە زۆرینە دەرچو لە رۆژی 30ی 5ی 2023".
ئەو سکاڵایەی ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری لەبارەوەدا لەلایەن د. یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشوی پەرلەمانی کوردستان و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و کاوە عەبدولقادر، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەرەڕای ئەرکەکەی تۆمارکراوە.
پەرلەمانی کوردستان بەدەنگی پەرلەمانتارانی هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان و پێکهاتەکان تاوەکو 31ی 12ی 2023 درێژکرایەوە، تائێستا پەرلەمانتارانی یەکگرتو و عەلی حەمەساڵح و شایان کاکەساڵح، پەرلەمانتاری دەستلەکارکێشاوەی گۆڕان دەستیان لەکارکێشاوەتەوە و کۆمەڵی دادگەریش نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەشکردوە.