دەوامی هاتوچۆی پارێزگایەکی عێراق دەکرێتە 16 کاتژمێر

11:21 - 30/05/2023

4552جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای نەجەف ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، بڕیاردراوە دەوامی بەڕێوەبەری هاتوچۆ بەمەبەستی تەواوکردنی مامەڵەی هاوڵاتیان لە هەشت کاتژمێرەوە بۆ 16 کاتژمێر زیاد بکرێت.

فەرماندەیی پۆلیسی نەجەف لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆ و ئاسایش سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی نەجەفی کرد بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزیری ناوخۆ کە کاتژمێرەکانی کارکردنی هاتوچۆ بە درێژایی هەفتە بێت جگە لە ڕۆژانی هەینی.

بڕیاردراوە دەوامی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ لەکاتژمێر 8:00ی بەیانی تاوەکو 12:00ی شەو بەردەوام بێت

ئاماژەی بەوەشکردوە، بڕیاردراوە دەوامی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی نەجەف لەکاتژمێر 8:00ی بەیانی تاوەکو 12:00ی شەو بەردەوام بێت، بەمەبەستی تەواوکردنی مامەڵەی هاوڵاتیان کە بەشێکی زۆریان دواکەوتون.

 هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی مامەڵەکان هێڵی ئینتەرنێتی لاوازە یان هەندێکجاریش هەر نەبوە

ئەوەشیخستەڕو، هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی مامەڵەکان هێڵی ئینتەرنێتی لاوازە یان هەندێکجاریش هەر نەبوە، کە بوەتە هۆی کەڵەکەبونی ژمارەیەکی زۆر لە مامەڵەی تەواونەکراو و پەیوەندییان بە گواستنەوەی خاوەندارێتی و وەرگرتنی تابلۆ بۆ یەکەمجار و دەرهێنان و نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێریەوە هەیە. 

باسی لەوەشکردوە، هەماهەنگی لەنێوان بەڕێوەبەری هاتوچۆ و و لایەنە پەیوەندیدارەکان دروستکراوە بۆ چارەسەری کێشەکان، هەروەها ئەفسەر و کارمەندانی ناوخۆ و ئاسایش راسپێردراون، بۆ هاوکاری و پاڵپشتی برایان لە بەشی هاتوچۆ بەهۆی ئەو کەموکوڕیانەی لەرابردودا  هەبون.