خەندان-
نەبیل مەرسومی شارەزای ئابوری پێشنیازێكی نوێی چوارچێوەی هەماهەنگی "شیعەكان"یبۆ هەرێمی كوردستان سەبارەت بە هەردو بڕگەی 13 و 14ی بودجەی گشتی عێراق ئاشكراكرد و بەگوێرەی پێشنیازەكەش،
نەبیل مەرسومی ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، بەپێی سەرچاوە تایبەتەكان، چوارچێوەی هەماهەنگی پێشنیارێكی نوێی لەسەر هەردو بڕگەی 13 و 14 سەبارەت بە بودجەی هەرێمی كوردستان خستووەتەڕوو كە شەش خاڵ لەخۆدەگرێت.
دەقی پێشنیازەكان:
یەكەم:
هەرێم ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات
دوەم:
فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیای سۆمۆ
سێیەم:
لە ئەگەری ئەوەی نەتوانرێت لە ڕێگەی بەندەرەكانی توركیاوە نەوتی هەرێم هەناردە بكرێت، هەولێر نەوتەكە ڕادەستی بەغدا بكات.
چوارەم:
وەزارەتی نەوت، جێگرەوە دەدۆزێتەوە بۆ فرۆشتن یان بەكارهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ناوخۆدا
پێنجەم:
حكومەتی عێراق پابەند دەبێت بەپێدانی پارەی 400 هەزار بەرمیل نەوت بە هەولێر ئەگەر لە هەرێم وەریبگرێت.
شەشەم:
فرۆشتنی نەوت و بەرهەمانی لە ناوخۆدا دەخرێتە هەژمارێكی سەر بە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی.
هەردو ماددەی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 لەلیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندکران
هەردو ماددەی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 کە شەوی پێنجشەممەی رابردو لەلیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندکران، مشتومڕی زۆریان بەدوای خۆیدا هێنا و نوێنەرانی پارتی و یەکگرتوی ئیسلامیش لە لیژنەکە کشانەوە، فراکسیۆنی یەکێتی دەنگیپێدا.
دەبێت پاکتاوی حسابات لەنێوان ساڵانی 2004 تاوەکو 2022 لەنێوان هەرێم و بەغدا بکرێت
بەگوێرەی ماددەی 13ی پرۆژەیاسای بودجە، دەبێت پاکتاوی حسابات لەنێوان ساڵانی 2004 تاوەکو 2022 لەنێوان هەرێم و بەغدا بکرێت، هەروەها حکومەتی هەرێم پابەند بێت بە هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە رێگەی سۆمۆوە، داهاتەکەش راستەوخۆ بۆ گەنجینەی وەزارەتی دارایی عێراق بگەڕێتەوە، لەگەڵئەوەشدا هەرێم پابەندی ناردنی داهاتی نانەوتیەکان بێت بۆ حکومەتی فیدڕاڵی، لەبەرامبەریشدا شایستە داراییەکانی بۆ رەوانە دەکرێت.
بەگوێرەی ماددەی 14ی پرۆژەیاسای بودجە، داهاتی نەوتی هەرێم لە هەژمارێکی بانکیدا لە بانکی ناوەندیی دادەنرێت بە بی هیچ لێبڕینێک، وەزارەتی درایی لە ژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی، دەسەڵاتی خەرجکردن دەداتە سەرۆک وەزیرانی هەرێم، لیژنەیەکی هاوبەش لە هەردولا پێداچونەوە بۆ ماوەکانی پێشو لە کەرتی نەوت و غاز و پەیوەندییەکانی وەزارەتی نەوتی ناوەند و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەکات، پاشان بە سیغەیەکی هاوبەش و پەسەندکراو لە لایەن هەردولاوە پاکتاوی ماوەکانی پێشو ئەنجامدەدرێت.
لەبەرامبەریشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەو گۆڕانکاریانەی لە لایەن بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە 25ی 5ی 2023 دژی هەرێمی کوردستان، لە سەر پڕۆژە یاسای بودجە ئەنجامدران، نادەستوریین و دژی ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵیە و هەروەها دژی پرەنسیپەکانی ڕێککەوتنی حکومەتی ئیدارەی دەوڵەت و بەرنامەی ئەو کابینەیەیە کە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگیان لە سەر دراوە".
ئاماژەی بەوەشکردوە، بە هیچ شێوەیەک "ئەم ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان قبوڵ ناکەین و پابەندی هیچ بڕیارێکی تریش نابین جگە لەو ڕێککەوتنەی پێشتر لەگەڵ حکومەتەكەی سودانی کراوە".