جارێكی دیكە دادگای فیدڕاڵی بۆ بڕیاردان لەبارەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە

10:30 - 30/05/2023

4314جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

دوای پێنج جار لە دواخستنی، ئەمڕۆ جارێکی دیکە دادگای فیدڕاڵی لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان كۆدەبێتەوە و چاوەڕوانیش دەكرێت بڕیارێك لەوبارەیەوە دەربكات.


بەگوێرەی زانیاریەكانی خەندان، بڕیارە ئەمڕۆ جارێكی دیكە و بۆ شەشەمینجار، دادگای فیدڕاڵی لەبارەی درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامبدات، چاوەڕوانیشدەكرێت لەدانیشتنەكەی ئەمڕۆدا بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات.

كۆمسیۆن وەڵامی دایەوە و ئامادەیی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پرۆسەیە دەربڕی
پێشتر دادگای فیدڕاڵی داوای لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كردبو، دەتوانێت پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجامبدات یاخود نا؟ لەبەرامبەریشدا كۆمسیۆن وەڵامی دایەوە و ئامادەیی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پرۆسەیە دەربڕی.
دوایانجار کە دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە دۆسیەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا، 24ی (ئایار/5)ی ئەمساڵ بو
دوایانجار کە دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە دۆسیەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا،  24ی (ئایار/5)ی ئەمساڵ بو، بەهۆی دەرنەکردنی بڕیاری یەکلاکەرەوە، دادگای باڵای فیدڕاڵی دانیشتنەکەی بۆ ئەمڕۆ 30ی (ئایار/5)ی 2023 دواخست.
سکاڵاکە لەلایەن سروە عەبدولواحید، شاسوار عەبدولولاحید، یوسف محەمەد و کاوە عەبدولقادر تۆمارکراوە
سکاڵاکە لەلایەن سروە عەبدولواحید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، یوسف محەمەد ئەندامی خولی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەران، کاوە عەبدولقادر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەرەڕای ئەرکەکەی تۆمارکراوە.
داوا دەکەین لە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ئەو یاسایە هەڵبوەشێنرێتەوە
لە سکاڵاکەدا هاتوە، "داوا دەکەین لە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ئەو یاسایە هەڵبوەشێنرێتەوە کە لە 10ی (ئەیلول/9)ی 2022 لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە دەرچوە کە یاسای درێژەدانە بە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی عێراق، بەپێی ئەو یاسایەش ماوەی پەرلەمان درێژکرایەوە بۆ ماوەی ساڵێکی تر، لەکاتێکدا ئەو یاسایە ناکۆکە لەگەڵ مادەکانی (5 و 20)ی دەستور، جگە لەوەی ئەو مافە دەستورییە زەوت دەکات کە لە مادەی (51)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی 1992 ئاماژەی پێکراوە".

لەوبارەیەوە پێشتر کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی کوردستان رایگەیاندبو، "هیوادارم دادگا بڕیارە دروستەکە بدات بەنایاسایی بونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، ناشەرعی بونی پەرلەمانیش بەواتای نەمانی شەرعیەتی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دێت"

رۆژی 15ی (کانونی دوەم/1)ی 2023 دادگای فیدڕاڵی یەكەم دانیشتنی تایبەت بە درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی بۆ رۆژی 31ی (کانونی دوەم/1) دواخست، ئەوکاتیش بەهۆی ئامادەنەبونی پارێزەرانی تۆمەتبار و خراپی کەشوهەوا و تەواو نەبونی وردبینییەکانی دادگا لە سکاڵاکە دانیشتنەکە دواخرا.