خەندان-
ئەمڕۆ بەرەبەیانی سێشەممە، هێزەکانی بەرگری ئاسمانی ڕوسیا وەڵامی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە نزیک مۆسکۆی پایتەخت دایەوە کە لەڕێگەی زیاتر لە 13 درۆنەوە کرایە ئامانج.
ئاژانسی روسیا تودەی بڵاویکردەوە، 13 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەکاتی نزیکبونەوەیان لە پایتەخت لە ناوچەی مۆسکۆی نوێ و لە ناوچەی ڕوبلێڤکا لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانی ڕوسیاوە خراونەتە خوارەوە.
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکان دو بینای نیشتەجێبونیان لە ڕۆژئاوا و باشوری ڕۆژئاوای مۆسکۆ کردوەتە ئامانج
سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بینای نیشتەجێبونی فرە نهۆمییان کردە ئامانج لە لینینسکی پرۆسپێکت، شەقامی پرۆفسۆیوزنایا و شەقامی ئەتلاسۆڤا، لەوبارەیەشەوە سێرگی سۆبیانین سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ ڕایگەیاندوە، " فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکان دو بینای نیشتەجێبونیان لە ڕۆژئاوا و باشوری ڕۆژئاوای مۆسکۆ کردوەتە ئامانج، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبکەوێتەوە".
لە ئەنجامی هێرشەکان هیچ بریندارێکی سەخت نییە
سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ داوای لە هاوڵاتیان کرد کە زانیاری پشتڕاستنەکراوە بڵاونەکەنەوە و تەنها پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن و جەختیلەوە کردەوە، هەمو دەزگا فریاگوزاریەکان لە شوێنی ڕوداوەکە ئامادەن و لە ئەنجامی هێرشەکان هیچ بریندارێکی سەخت نییە.
دەزگای فریاکەوتنی مۆسکۆ ڕایگەیاندوە، درۆنەکان دو باڵەخانەی نیشتەجێبونیان لە مۆسکۆ کردۆتە ئامانج کە یەکێکیان لە شەقامی 98ی پرۆسۆیوزنایە و یەکێکی دیکەش زیانی بە ڕوبەری باڵەخانەیەکی دیکە لە شەقامی ئەتلاسۆڤا لە مۆسکۆی نوێ گەیاندوە، بەبێ ئەوەی برینداری لێبکەوێتەوە.
لە بەرامبەردا ئەندرێ ڤۆرۆبیۆڤ پارێزگاری ناوچەی مۆسکۆ ڕایگەیاند، بەرگری ئاسمانی ڕوسیا چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە ناوچەکەدا خستوەتە خوارەوە، هەروەها داوای لە دانیشتوانی ناوچەکە کرد ئارام بگرن.
شایەتحاڵان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گرتە ڤیدیۆییەکانیان بڵاوکردەوە کە تێیدا فڕینی دو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئۆپەراسیۆنی بەرگری ئاسمانی ڕوسیا و کەوتنەخوارەوەی یەکێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دەردەکەوێت.