خەندان-
سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات، پەلە بکات لەدیارکیردنی رۆژێک بۆ دەنگدان و پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە و راشیدەگەیەنێت، "ئەم یاسایە گرنگییەکی گەورە و هەستیاری هەیە کە پەیوەندی بە بەهێزی گەلی عێراق و کاریگەرییە ئابوری و ئیداری و کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە".
عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەپەیامێکدا بڵاویکردەوە، "دوای تاوتوێکردنی ڕەشنوسی یاسای بودجەی گشتی لە لیژنەی دارایی پەرلەمان و هەوڵدان بۆ تەواوکردنی بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی باڵای وڵات بپارێزێت و مافەکانی گەلی ئازیزمان بەهەمانشێوە دەستەبەر بکات، داوا لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەین پەلە بکات لە دیاریکردنی دانیشتنی دەنگدان لەسەر یاساکە و لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا".
"جەختکردنەوەمان لەسەر گرنگی خێراکردنی پەسەندکردنی بودجەی گشتی لە پێناو دەستپێکردنی پلانی گەشەپێدان، نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابوریە
ئاماژەی بەوەشکردوە، "جەختکردنەوەمان لەسەر گرنگی خێراکردنی پەسەندکردنی بودجەی گشتی لە پێناو دەستپێکردنی پلانی گەشەپێدان، نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابوری، بەردەوامبونی چاکسازی ئابوری، گرنگیدان بە پڕۆژە لەپێشینەکان بەتایبەتی تەندروستی، نیشتەجێبون، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، پشتیوانیکردن لە وەبەرهێنان و کەرتی تایبەتە".
دوپاتیدەکەینەوە کە ئەم یاسایە گرنگییەکی گەورە و هەستیاری هەیە
ئەوەشیخستەڕو، "دوپاتیدەکەینەوە کە ئەم یاسایە گرنگییەکی گەورە و هەستیاری هەیە کە پەیوەندی بە بەهێزی گەلی عێراق و کاریگەرییە ئابوری و ئیداری و کۆمەڵایەتیەوە هەیە".
داوا لە هێزە سیاسییەکان دەکەین کە ناکۆکی و جیاوازیەکانیان تێپەڕێنن
عەتوان عەتوانی دەشڵێت، "داوا لە هێزە سیاسییەکان دەکەین کە ناکۆکی و جیاوازیەکانیان تێپەڕێنن و بە رۆحێکی نیشتمانپەروەرانە کاربکەن بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئەم شایستەییە لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەی کە ئەنجومەن و نوێنەران بە خۆیان و خەڵکیانداوە بۆ خزمەتکردنی وڵات و هەوڵدان لە پەسەندکردن و دەرکردنی ئەو یاسایانەی لە بەرژەوەندی هاوڵاتیاندان".
هەردو ماددەی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 کە شەوی پێنجشەممەی رابردو لەلیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندکران، مشتومڕی زۆریان بەدوای خۆیدا هێنا و نوێنەرانی پارتی و یەکگرتوی ئیسلامیش لە لیژنەکە کشانەوە، هەردو فراکسیۆنی یەکێتی و نەوەی نوێش دەنگیانپێدا.
لەلای خۆشیەوە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم دوێنێ لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "گۆڕانکاریەکان جگە لەوەی نادەستوری و نایاسایین هێندەی بەربەست و لوغمی بۆ رێککەوتنی هەردو دروستکردوە هیچ ئاسانکاریەکی بۆ دروستنەکردوە، جارێکی دیکە گومانی بۆ ئێمەی کورد دروستکردوە کە ئەو کەسانەی لەگەڵ مانەوەی کوردن لەگەڵ عێراقدا یان ئەوانەی برایەتی کورد و عەرەبیان بەجددی وەرگرتوە لەو بڕوایەدام وەکو ئێمە نیگەرانن، ئەمە بۆ نزیکبونەوەی هەرێم و بەغدا نیە بەڵکو بۆتێکدانی پەیوەندی نێوان هەردو و بەغدایە".