خەندان-
بە بڕیاری بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، د.شەونم زرار بڵباس وەک راوێژکاری سەرۆک بۆ کاروباری توانا مرۆییەکان دەستنیشانکرا و ئەرکەکەشی، "بەدەنگەوە چونی داوا و خواستی هاوڵاتیان دەبێت".
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی یەکێتی، لەپێناو زیاتر خزمەتکردنی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و سودوەرگرتنی زیاتر لە توانا مرۆییەکانی هاوڵاتییان و کادرانی یەکێتی، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بڕیاریدا د. شەونم زرار بڵباس وەک راوێژکاری تایبەتی خۆی بۆ کاروباری توانا مرۆییەکان دەستنیشان بکات.
کاری لەپێشینەمان خزمەتکردنی زیاتری خەڵک و بەدەنگەوەچونی داوا و خواستەکانیانە
لەمیانی دەستبەکاربونیشیدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی رێنمایی و بەرچاوڕونیدایە د. شەونم بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانی و رایگەیاند، "کاری لەپێشینەمان خزمەتکردنی زیاتری خەڵک و بەدەنگەوەچونی داوا و خواستەکانیانە، بۆ ئەمەش بە سودوەرگرتن لە توانا مرۆییەکان، بەرنامەڕێژییەکی تەواو لەناو ئۆرگانە حزبییەکانمان دەکەین و بەرنامەکانی یەکێتی زیاتر دەخەینەوە خزمەتی خەڵک".
ماندونەناسانە ئەرکەکانی بەجێگەیاندوە و هیواشی خواست لەم بەرپرسیارێتییە نوێیەیدا سەرکەوتوبێت
لەبەرامبەر راپەڕاندنی ئەرکەکانی رابردوی و وەرگرتنی بەرپرسیارێتی نوێ، بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی د. شەونم زرار بڵباس کرد کە ماندونەناسانە ئەرکەکانی بەجێگەیاندوە و هیواشی خواست لەم بەرپرسیارێتییە نوێیەیدا سەرکەوتوبێت.