خەندان-
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، حکومەت ڕێنمایی دەرکردوە سەبارەت بە مامەڵەکردن بە دۆلار لە بری دینار، هاوکات وادەیەک بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتێک بۆ لێپرسینەوە لە سەرپێچیکاران دیاریکردوە.
لیوا خالد موحەننا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی راگەیاند، "رێنمایی لەلایەن حکومەتەوە دەرچوە سەبارەت بە پێویستی جێبەجێکردنی هەڵمەتی هۆشیاری فراوان و پەروەردەیی سەبارەت بە مامەڵەکردن بەدراوی نیشتمانی لەبڕی دراوی بیانی".
بەپێی یاسا بازرگانیکردن بە دراوی دیکە جگە لە دراوی نیشتمانی عێراقی قەدەغەیە
ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی یاسا بازرگانیکردن بە دراوی دیکە جگە لە دراوی نیشتمانی عێراقی قەدەغەیە، پێشتریش کە دراوی غەیرە عێراقی لە بازاڕە ناوخۆییەکان مامەڵەی پێوەدەکرا، چونکە وڵاتەکە بە قۆناغ و قەیرانی جیاوازدا تێپەڕیوە.
بازرگانیکردن بە دراوی بیانی لەو وڵاتانەدا ڕودەدات کە بەدەست کێشەی ئابورییەوە دەناڵێنن
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق باسی لەوەشکرد، "بازرگانیکردن بە دراوی بیانی لەو وڵاتانەدا ڕودەدات کە بەدەست کێشەی ئابورییەوە دەناڵێنن، لەکاتێکدا کە ئابوری عێراق جارێکی دیکە بوژاوەتەوە و دراوەکەمان چوەتەوە ئاستی دراوەکانی دیکە و مامەڵەی پێوەدەکرێت".
هەڵمەتی لێپرسینەوە لە سەرپێچیکاران دەستپێدەکات
ئەوەشی خستەڕو، وەزارەتی ناوخۆ هەڵمەتی هۆشیاری بۆ سەرجەم هاوڵاتییان دەستپێکردوە، دوای ئەوەش هەڵمەتی لێپرسینەوە لە سەرپێچیکاران دەستپێدەکات و هەر کەسێک مامەڵە بە دراوی بیانییەوە بکات سزا دەدرێت.