خەندان-
ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ یەکخستنی دەنگە ناڕازیەکانی دەرەوەی حزبەکانی دەسەڵات دەردەبڕێت و راشیدەگەیەنێت، ئەو کۆبونەوەیەی پەرلەمان و ئەو دەرئەنجامانەی لێی کەوتوەتەوە لەسەر کۆمسیۆن، جێگەی سەرنج و ڕەخنەن و مەترسیمان هەیە ئەمجۆرە کارانە هەرێم بەرەو هەڵوەشاندنەوە ببەن.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری، ئەمڕۆ یەکشەممە بە سەرپەرشتی عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری، ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵ لە شاری چەمچەماڵ کۆبۆوە و چەند پرسێکی گرنگی خستە بەر باس و بڕیاری پێویستی لەبارەیانەوەدا.
پارتە دەسەڵاتدارەکان نەیانویست لە ماوەی یاسایی تەمەنی پەرلەمان کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن کارا بکەنەوە
ئاماژەی بەوەشکردوە، "کۆمەڵی دادگەری کوردستان نیگەرانە لەو بارودۆخەی لە پەرلەمانی کوردستان هاتوەتە ئاراوە و پارتە دەسەڵاتدارەکان نەیانویست لە ماوەی یاسایی تەمەنی پەرلەمان کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن کارا بکەنەوە و هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرێت، تا بەشێوەیەکی نایاسایی ماوەی پەڕلەمان درێژ کرایەوە و بەو هۆیەوە و وەک هەڵوێست و دەربڕینی ناڕەزایەتیی فراکسیۆنی کۆمەڵ و چەند فراکسیۆن و پەڕلەمانتارێکی دیکە دەستیان لە کار کێشایەوە".
کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بەمجۆرە، جێگەی سەرنج و ڕەخنەیە و مەترسیمان هەیە ئەمجۆرە کارانە هەرێم بەرەو هەڵوەشاندنەوە ببەن
ئەوەشیخستۆتەڕو، "لەم قۆناغەدا و لە پرسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی کۆمەڵی دادگەری پێیوایە ئەو کۆبونەوەیەی پەرلەمان و ئەو دەرئەنجامانەی لێی کەوتوەتەوە لەسەر کۆمسیۆن، جێگەی سەرنج و ڕەخنەن و مەترسیمان هەیە ئەمجۆرە کارانە هەرێم بەرەو هەڵوەشاندنەوە ببەن ".
کۆمەڵی دادگەری ئامادەیی بۆ یەکخستنی هێز و دەنگە ناڕازییەکانی دەرەوەی دەسەڵات هەیە و کاریشی بۆ دەکات
لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری ئاشکرایکردوە، "کۆمەڵی دادگەری لەپێناو گێڕانەوەی هیوا و متمانە بۆ هاوڵاتیان و ئامادەبونیان لەبەردەم سندوقەکانی هەڵبژاردن و کۆتاییهێنان بەو بارودۆخەی دەسەڵات بەسەر هاوڵاتیانیدا هێناوە، ئامادەیی بۆ یەکخستنی هێز و دەنگە ناڕازییەکانی دەرەوەی دەسەڵات هەیە و کاریشی بۆ دەکات".
سەبارەت بە پرسی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق و ئەو بڕیارانەی لیژنەی دارایی لەسەری ڕێککەوتون و ئەو ڕاجیایی و ناکۆکییەی لەنێوان لایەنەکان دروست بوە، کۆمەڵی دادگەری رایگەیاندوە، "پێیوایە بودجە ڕەهەندێکی نیشتمانی هەیە و پەیوەستە بە هەمو تاکێکی عێراق و کوردستانەوە، دەبو نوێنەرانی کورد لە فراکسیۆنە جیاوازەکان لەسەر بەدەستهێنانی مافی هاوڵاتیانی کوردستان لە بودجەدا دور لە موزایەدە و بازرگانی لەسەر حسابی هاوڵاتی، یەکدەنگ بونایە".