خەندان-
فەرماندەیی هێزی دەریایی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، هێزەکانیان دەستیان بەسەر دو بەلەمدا گرتوە کە 14 راوچی ئێرانیان لەسەربو، بەهۆی بەزاندنی سنورە ئاویەکانی عێراق لە ناوچەی بەندەری فاوی گەورە و راوکردنی ماسی بەشێوەی نایاسایی.
لە ڕاگەیەندراوێکدا فەرماندەیی هێزی دەریایی عێراق بڵاویکردەوە، هێزێک لە بنکەی دەریایی ئوم قەسرەوە، بە ڕێنمایی ڕاستەوخۆی لیوای دەریاوان مازن عەبدولواحید فەرماندەی هێزی دەریایی لەڕێگەی بەلەمی P-308لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت و لەسەر بنەمای زانیاری وردی هەواڵگری، توانیان دەست بەسەر دو کەشتی چەکداری ئێرانی بگرن.
ئەو دو بەلەمە 14 کەسی ڕەگەزنامەی ئێرانیان هەڵگرتبو
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو دو بەلەمە 14 کەسی ڕەگەزنامەی ئێرانیان هەڵگرتبو، بەهۆی بەزاندنی سنورە ئاویەکانی عێراق و بەنایاسایی راوکردنی ماسی لەناو کەناڵی کەشتیوانی بەندەری گەورەی فاو دەستگیرکراون.
هێزەکانیان دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر ماسیدا گیراوە
فەرماندەیی هێزی دەریایی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانیان دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر ماسیدا گیراوە، لەئێستاشدا تۆمەتبارەکان براونەتە بنکەی دەریایی ئوم قەسر بە مەبەستی ڕادەستکردنیان بە بنکەی پۆلیسی فاو و جێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکان.