کارەباکەی ئوردن لەمانگی تەموزدا دەگاتە عێراق

09:58 - 27/05/2023

3795جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی کارەبای عێراق ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، هێڵی کارەبای عێراق لەگەڵ ئوردن لە مانگی (تەمموز/7)ی ئەمساڵ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەکاتژمێرێکدا 50 مێگاوات کارەبا دەگاتە پارێزگای ئەنبار.

ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، هێڵی کارەبای نێوان عێراق و ئوردن لە 1ی تەمموزدا ئامادە دەبێت، وەک قۆناغی یەکەم بە توانای 50 مێگاوات دەگاتە قەزای ڕوتبە لە ئەنبار بۆ زیاترکردنی بەرهەمی تۆڕی کارەبای نیشتمانی عێراق.

ئەم هێڵە پێویستی بە دروستکردنی هێڵی ڕیشە-قائیم-روتبە هەبو
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هێڵە پێویستی بە دروستکردنی هێڵی ڕیشە-قائیم-روتبە هەبو، بڕیاربو لە 1ی حوزەیران دەست بە کارەکانی بکات، بەڵام بارودۆخی کەشوهەوا و سەختی خاکەکە و هەندێک شتی پەیوەست بە لایەنی ئوردن بوە هۆی ئەوەی کە دروستکردنی ئەو هێڵە دوابخرێت. 
هێڵەکەی تورکیا ئامادەیە بەڵام بەغدا چاوەڕێی نرخی خزمەتگوزارییەکە دەکات
لەبارەی هێڵی کارەبای نێوان عێراق و تورکیا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا باسی لەوەکردوە، "ئەم هێڵە ئامادەیە، بەڵام بەغدا چاوەڕێی نرخی خزمەتگوزارییەکە دەکات".
پێنج گرێبەست واژۆ کراون بۆ دروستکردنی هێڵی کارەبا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو
ئەوەشی ئاشکراکردوە، "پێنج گرێبەست واژۆ کراون بۆ دروستکردنی هێڵی کارەبا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، ئەو هێڵانەش پێویستیان بە نزیکەی ساڵێکە بۆ دەستپێکردن بە قۆناغی یەکەم، جگە لەوانەش عێراق و سعودیە ڕێککەوتون لەسەر فراوانکردنی وێستگەی عەرعەر و یوسفیە کە خاڵی پەیوەندی نێوان هەردو وڵاتن،   قۆناغی یەکەمی ئەم هێڵەش هەزار مێگاوات لەخۆدەگرێت لەڕێگەی خاڵەکانی پەیوەندی و ڕێڕەوی هێڵەکانەوە کە بەمنزیکانە تەواو دەبن.

نیشانەکردن

كاره‌با