کێبڕکێ بەهێزەکەی تورکیا دەستپێدەکات.. پێشبینیەکان چین؟

08:46 - 27/05/2023

6631جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سبەی یەکشەممە، گەلانی تورکیا دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆئەوەی دەنگەکانیان لە خولی دوەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیادا بدەن، کە تیایدا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا و کاندیدی هاوپەیمانی جمور لەگەڵ کەمال کلیچدارئۆغڵو کاندیدی هاوپەیمانی میللەت کێبڕکێ دەکات.

خولی یەکەم کە لە 14ی ئایار بەڕێوەچو، بەپێی ئەنجامەکەی، هیچ کام لە کاندیدەکان ڕێژەی بەشداریکردنی 50+1ی دەنگدەرانی بەدەستنەهێنا، لە 19ی مانگدا، کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری تورکیای ڕاگەیاند، بەگوێرەی ئەنجامەکانی ئەردۆگان 49.52%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا 44.88% لە بەرژەوەندی کەمال کلیچدارئۆغڵو سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن بوە.

بەشێکیان ئاماژەیان بەوەدا کە ئەردۆگان لە قۆناغی دوەمدا سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت

ڕۆژێک پێش چون بۆ دەنگدان، ئەو دامەزراوانەی ڕاپرسی ئەنجام دەدەن، کێبڕکێیان کرد بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانیان سەبارەت بە ئەنجامی خولی دوەم، بەشێکیان ئاماژەیان بەوەدا کە ئەردۆگان لە قۆناغی دوەمدا سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت، بەو پێیەی کۆمپانیای کوندا بۆ راپرسی پێشبینیدەکرد بە ڕێژەی 52.7%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، لە بەرامبەردا کلیچدارئۆغڵو 47.3%، کۆمپانیای ئەسال پێشبینیکرد ئەردۆگان 53.5% و کۆمپانیای سارۆس 53.1%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، لەکاتێکدا کۆمپانیای بیمار چاوەڕێی دەکرد بۆ بەدەستهێنانی 52.19%، لەکاتێکدا زۆربەی ڕاپرسییەکان پێشبینیانکردوە کە دەمێنێتەوە و بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە لە دەسەڵاتدایە.

کەمال کلیچدارئۆغڵو، زۆرێک لە کۆمپانیاکان پێشبینی ناکەن لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت

سەبارەت بە کەمال کلیچدارئۆغڵو، زۆرێک لە کۆمپانیاکان پێشبینیان نەدەکرد لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت، جگە لە دو کۆمپانیای AREA و ORC، یەکەمیان پێشبینی ئەوەی دەکرد کە جیاوازییەکە بگاتە 50.6%، دوەمیان پێشبینی دەکرد کە 51.4%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.

شرۆڤەکاران پێیانوایە دوای قۆناغی یەکەم، پێدەچێت چانسی ئەردۆگان بەهێزترین بێت

شرۆڤەکاران پێیانوایە دوای قۆناغی یەکەم، پێدەچێت چانسی ئەردۆگان بەهێزترین بێت، چونکە تەنها پێویستی بە نیو خاڵە لە قۆناغی دوەمدا بۆئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، سەبارەت بە کەمال کلیچدارئۆغڵو هەوڵدەدات ئەو ڕێژەیە 5% بەدەستبهێنێت کە دەنگیان بە هاوپەیمانیەتەکەیداوە لە خولی یەکەمدا.

سینان ئۆغان کاندیدی سەرۆک کۆمار، پشتیوانی بۆ ئەردۆگان لە خولی دوەمدا نیشاندا

لە کاتێکدا هەندێکی تر پێشبینیان کرد، ئەگەری سەرکەوتنی ئەردۆگان بەهێزترینە دوای ئەوەی سینان ئۆغان کاندیدی سەرۆک کۆمار، پشتیوانی بۆ ئەردۆگان لە خولی دوەمدا نیشاندا و ئەگەر توانی ڕێژەیەکی کەمی ئەو کەسانە ڕازی بکات کە دەنگیان پێدا، ئەوە بەس دەبێت بۆ سەرکەوتنی سەرۆکی ئێستای تورکیا، لە کاتێکدا کیلیچدارئۆغڵو ڕوبەڕوی چەندین سەختی دەبێتەوە بۆئەوەی بە تەواوی دەنگەکانی هاوپەیمانی ئەجداد مسۆگەر بکات، جگە لە بڕواپێهێنانی ژمارەیەک لەوانەی خۆیان لە دەنگدان لە خولی یەکەمدا بەدورگرت.

ملیۆنێک و 895 هەزار و 430 دەنگدەری تورکیا بەشدارییان لە خولی دوەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیادا کرد

ژمارەی دەنگدەرانی هاوڵاتیانی تورکیا لە دەرەوەی وڵات لە خولی دوەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە، لە خولی یەکەمدا زیاتربو، بەهۆی ئەوەی ملیۆنێک و 895 هەزار و 430 دەنگدەری تورکیا بەشدارییان لە خولی دوەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیادا کرد، ئەویش لەڕێگەی نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە و دەروازە سنورییەکانەوە بو.

ڕەجەب تەیب ئەردۆگان 57.47%ی دەنگەکان و کلیچدار ئۆغڵوش 39.57%ی دەنگەکانی دەرەوەی وڵاتیان بەدەستهێنا

لە خولی یەکەمدا کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا بەڕێوەچو، یەک ملیۆن و 839 هەزار و 461 هاوڵاتی تورکیا لەدەرەوەی وڵات دەنگیاندا، بە ڕێژەی بەشداریکردن 53.85% بو کە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان 57.47%ی دەنگەکان و کلیچدار ئۆغڵوش 39.57%ی دەنگەکانی دەرەوەی وڵاتیان بەدەستهێنا.

تاراوگەنشینەکان نزیکەی 5%ی کۆی دەنگدەران پێکدەهێنن و ژمارەیان لە 73 وڵاتی جیهاندا سێ ملیۆن کەس تێدەپەڕێنێت، کۆی گشتیش زیاتر لە 64 ملیۆن هاوڵاتی تورکیا مافی دەنگدانیان هەیە لە نزیکەی 192 هەزار بنکەی دەنگدان و ژمارەکەش زیاتر لە شەش ملیۆن کەس دەگرێتەوە کە بۆ یەکەمجار لە 14ی ئایاردا ئەم مافەیان بەکارهێناوە، ئەمە جگە لە بونی نزیکەی 34 ملیۆن دەنگدەر لە دەرەوەی وڵات کە دەنگیان داوە 20-24ی (ئایار/5)ی 2023.

وێستگەکانی دەنگدان لە کاتژمێر 8:00ی بەیانی بەکاتی تورکیا دەکرێنەوە و لەکاتژمێر 5:00ی ئێوارە دادەخرێن و چاوەڕوانیشدەکرێت هەر هەمان رۆژ ئەنجامە نافەرمیەکان رابگەیەندرێن.

نیشانەکردن

تورکیا